پۆڵەتیك پرێس
پاشنیوەڕۆی رۆژی 18-5-2021، بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەرپرسانی یەكێتی و هاوڕێ و هاوسەنگەران و خانەوانەدەکەی، لە گردی سەلیم بەگ لە سلێمانی رێورەسمی ساڵیادی كۆچی دوایی “عادل موراد” ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو .
لە رێورەسمەكەدا سۆران جەمال تاهیر، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی، وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: سێ ساڵ لەمەوبەر یەكێتی هەڤاڵێكی تێكۆشەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و بەوەفای لە دەستدا كە ئەویش هەڤاڵ عادل موراد بوو كە لەدەستدانی زیانێكی گەورەی بە یەكێتی و گەلەكەمان گەیاند و هەموومانی خەمباركرد.
ئاماژەی بەوەشدا، عادل موراد لەدوای هەرەس، یەكێك بوو لەو كەسانەی كە لەگەڵ مام جەلال و هاوڕێكانی تریدا لە دیمەشق رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال، هەمان كات كاك عادل هەم لەناو حزب و هەم لە حكومەتیش چەندین بەرپرسیارێتی و پۆستی وەرگرتووە و زۆر دڵسۆزانە و بە لە خۆبردوییەوە توانیویەتی ئەركەكانی جێبەجێبكات.
لە كۆتایی رێورەسمەكەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و مەڵبەندەكان و مەكتەبەكانی یەكێتیی لەسەر مەزاری عادل موراد تاجە گوڵینەیان دانا.
عادل موراد لە 11-12-1949 لە خانەقین لە دایكبووە و بڕوانامەی بە كالۆریۆسی لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە و لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە كار و خەباتی سیاسیی كردووە و یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
چەندین پلە و پۆستی حزبی و حكومی وەرگرتووە.
رۆژی 18-5-2018 لە تەمەنی 69 ساڵی لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.