“زەمینەی پەسەندكردنی دەستوور لە بار نیە”

پۆڵەتیك پرێس

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە ئێستادا زەمینەی پەسەندكردنی دەستووری هەرێم لە بارنیە، پێش ئەوەی رەشنووسی پرۆژەی دەستوور ئامادە بكرێتەوە پێویستمان بە زەمینە سازییەكی تەواو هەیە پێویستمان بە كەشێكی ئارام و یەكترقبوڵكردن هەیە.

مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی راڤەی پۆڵەتیك لە رادیۆی پۆڵەتیك وتی: پێش ئەوەی رەشنووسی پرۆژەی دەستوور ئامادە بكرێتەوە پێویستمان بە زەمینە سازییەكی تەواو هەیە پێویستمان بە كەشێكی ئارام و یەكترقبوڵكردن هەیە، ئەو ململانێیەی لە ناو سۆشیال میدیا هەیە نەگوازرێتەوە بۆ ناو كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە ببێتە لەمپەرێك نەتوانین دەست بە نووسینەوەی دەستوور بكەین.

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان وتیشی: هەموو لایەنە سیاسییەكان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بكەنەوە، بیر لە ئاییندەی كوردستان بكەنەوە بۆئەوەی ببینە خاوەنی دەستوور.

روونیشیكردەوە، ئەم كەشەی ئێستا تێیداین لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان لە پێشە كەشێكی ئارام نیە، لایەنەكان بۆئەوەی كورسی زیاتر بە دەست بهێنن دەستیان بە ململانێ كردووە.

باسی لەوەشكرد، دەمانەوێت ئەو دەستوورەی پەسەند دەكرێت دەستوورێك بێت مافی هەموو تاكەكانی كوردستانی تێدا پارێزراوبێت نەك ببێتە هۆی ئەوەی پێشێلی مافی پێكهاتەیەك بكات، بۆیە دەمانەوێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بەشداربن لە داڕشتنەوەی دەستوور.

پێشتر 73 ماددەی رەشنووسی پرۆژەی دەستوور پەسەندكرا، دواجار بەهۆی ناكۆكیە سیاسییەكان بەتایبەتی لەسەر سیستمی حوكمڕانی كە پەرلەمانی بێت یان سەرۆكایەتی كارەكانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور راگیرا و خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، خولی پێنجەمی راسپارد بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم و پەسەندكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا