قایمقامییەتی سلێمانی بڕیاری نوێی بۆ چوونە سەر چیای ئەزمڕ و گۆیژە دەرکرد

پۆڵەتیك پرێس

لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە دەگیرتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت “ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەڕوی سزای یاسایی دەکرێتەوە”.

ئەمڕۆ دوشەممە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبوەوە و رایگەیاند، بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابرودا، روبەڕوی 800 دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی 100 ھەزار نەمام لە چیاکە روێنراوە.

لە راگەیەندراوێكیشدا، قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێکردنی چەند خاڵێک درا و ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەڕوی رێکارو سزای یاسایی دەکرێتەوە.

بڕیارەکان پێكهاتوون لە:

یەکەم: لەزوترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.

دوەم: کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن .

سێیەم: مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.

چوارەم: ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەمو شێوەیەک قەدەغەیە.

پێنجەم: تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.

شەشەم: تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتوچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.

حەوتەم: داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا