فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەكەن بكرێنە هەمیشەیی

پۆڵەتیك پرێس

لە بەیاننامەیەكدا فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەكەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیارێك لەچارەنووسیان بدات و هاوشێوەی مامۆستایانی گرێبەست كە بە هەمیشەیی كران، ئەوانیش دابمەزرێنرێن.

نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، بەڕێزان زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەك تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوكردووە بەڵكو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 – 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەكراوینەتە هەمیشەیی.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە لێرەوە جارێكی تر ڕووی قسەمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین كە وەك چۆن مامۆستایانی گرێبەست لە ساڵی ڕابردوو كرانە هەمیشەیی سەرەڕایی بارگرانی دارایی بۆ حكومەت لەو دۆخە سەختەدا، گرێ كوێرەی پرسی بە هەمیشەیی بوونی ئێمەش لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران بكەنەوە و چیدیكە ئەم چینە ستەم لێكراوە لە چاوەڕوانیدا نەهێڵنەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری پشتگوێ خستنمان سەرجەم لایەنە بەشدارەكان لە حكومەت بە بەرپرسیار دەزانین لەم پرسە.

لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی دامەزراندنی هەمیشەیی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی راگرتووە و هیچ فەرمانبەرێكی نوێ‌ ناخاتە جێگەی ئەو فەرمانبەرانەی كە خانەنشین دەبن یان كۆچی دوایی دەكەن یان بەهەر هۆكارێك بێت واز لە كاری حكومی دێنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا