حكومەتی هەرێم دەست بەسەر پارەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی دەگرێت

پۆڵەتیك پرێس:
فەرمانگە فیدراڵییەكان لە هەرێمی كوردستان، موچەی سێ مانگی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو ترسیشیان لە لێبڕینی موچەكانیان هەیە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵیت: حكومەتی هەرێمی كوردستان وای نیشاندەدات موچەی ئەو فەرمانبەرانە نەگەیشتبێتە هەرێم.

فەرمانبەرێك لە یەكێك لە فەرمانگە فیدراڵییەكان لەسلێمانی بە “پۆڵەتیك پرێس”ی وت: نزیكەی 55 ڕۆژە وەك فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان موچەمان وەرنەگرتووە و تائێستاش، كە موچەی مانگی هەشت دابەشكراوە لەعێراق، بەڵام ئێمە موچەی مانگی پێنج-مان وەرگرتووەو هیچ هەوڵێكیش نییە بۆ پێدانی ئەو موچانەی تائێستا پێمان نەدراوە.

ئەو فەرمانبەرە بەبیانووی ئەوەی مۆڵەتی قسەكردنی نییە، داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، وتیشی: هەوڵێك هەیە بۆ لێبڕینی موچەكانمان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەو چەند پێشنیارێكیش وەك پاشەكەوت و لێبڕینی كاتی خراوەتە بەردەست فەرمانگە فیدڕاڵییەكان، بەڵام سەرجەم پێشنیارەكان ڕەتكراونەتەوە و داوامانكردووەو سەرجەم موچەكانمان، كە لەلایەن حكومەتی عێراق بۆ ناردووە و هەرێمی كوردستان وەك خۆی دابەشی بكات بەسەر فەرمانگەكاندا.

فەرمانبەرەكە باسی لەوەش كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاواز لەموچەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی 2020 موچەی دومانگی ساڵی 2020ی فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی نەداوە وەك قەرز لەلای خۆی پێناسەی كردووە، بەڵام تائێستا موچەی ئەو مانگانەمان بۆ خەرجنەكراوە.

هەریەك لە فەرماگەكانی (پاسپۆرت – كارتی زانیاری – كارتی نیشتمانی – رەگەزنامە) لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق موچەكەنیان بۆ دابیندەكرێت و هەموو پەیوەستییە ئیداری و دارایی و خەرجی و ڕێكارەكانیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لەلایەكی دیكەوە، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوە كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆخۆی هۆكاری سەرەكییە بۆ پێنەدانی موچەی ئەو فەرمانبەرانە و تائێستاش وای نیشاندەدات، موچەی ئەو مانگانەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی نەهاتووە بۆ هەرێم تا دابەشی بكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتیشی: لەهەوڵداین موچە و شایستەی ئەو فەرمانبەرانە لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و بەدروستكردنی فشار لەسەری لەلایەن ناوەندەوە چارەسە بكەین و لەكاتی خۆی دابەشبكرێت وەك مافێكی خۆیان، نەك بگات بەوەی لێبرێن لە موچەكانیاندا بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا