وادەی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاشكرادەكرێت

ئەم بابەتە 68 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم چەند زانیاریەك لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاشكرا دەكات و دەڵێت “لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستبه‌كار دەبنەوە”.

عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “بەمنزیكانە لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستبه‌كار دەبنەوە و هه‌رچوار لیژنه‌كه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كانی خانه‌قین، كه‌ركووك، مه‌خموور و گوێڕ و سحێلان جێگیر دەكرێن”.

نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ وتیشی “هه‌نگاوی دواتر دانانی دوو لیوای هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ هاوبه‌شی فراوانترین رووبه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ بۆشایی ئه‌منییان تێدایه”‌.

بەوتەی عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت هێزە هاوبەشەكانی سوپای عێراق و پێشمەگە دەست بەدانانی میكانیزمێك دەكەن، بەگە‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، مانای پارێزگاریكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێشیان ناخۆش بێت، به‌ڵام ناچارن ‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوبه‌شی كۆنترۆڵی ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە رۆژی نۆی ئەم مانگە شاندێكی ئەمنی عێراقی بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی سەردانی هەولێری كردو هەردوولا رێككەوتوون دوای جەژن دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان بكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک