پۆڵەتیک پرێس
لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژرادنەکانی عێراق، پێنج ڕێنمایی پەیوەست بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی بۆ هێزەکانی ئاسایش دەرکرد.
لیژنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ ی ئایاری ٢٠٢١، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو پێنج ڕێنمایی بۆ هێزەکانی ئاسایش دەرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی کاندیدان، بەوپێیەی لیژنەی باڵا بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕیوەبچێت ئەم ڕێنماییانە بۆ هێزە ئەمنییەکان بڵاو دەکەینەوە
دەقی ڕێنماییەکان:
یەکەم: پێویستە هەموو هێزەکان بە یەک دووری لە کاندیدەکان بوەستن، بەهیچ شێوەیەک کاندیدێک بەسەر یەکێکی دیکەدا فەرز نەکرێت.
دووەم: یاوەری هیچ کاندید و هێز و لایەنێک نەکرێت لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنیاندا بە هەر هۆکارێک بێت.
سێیەم: بڕینی شەقام و گۆڕەپانە گشتیەکان بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە و چالاکی هەڵبژاردن قەدەغەیە ، ئەمەش بە ڕەزامەندی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردن
چوارەم: بەکارنەهێنانی هیچ کەرەستە و موڵکێکی حکومی سەر بە دەزگاکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن و ڕیکلامی تەزکیە بۆ حیزب و قەوارەو هەموو کاندیدەکان .
پێنجەم: بەکارنەهێنانی دەزگا فەرمیەکان وەک مینبەری ڕاگەیاندن بۆ هیچ کاندیدێک.