پۆڵەتیک پرێس
کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆڕ لەبواری خۆراکدا دەڵێن: خواردنە کوڵاوەکان سوودێکی زۆریان هەیە، بەڵام ئامۆژگاری دەکەن بەڕێژەیەکی زۆر نەکوڵێنرێن هەتا هەموو سوودەکانیان لەدەست نەدەن.
خواردنە کوڵاوەکان تامێکی خۆشیان هەیە و نابنە هۆی قەڵەوی، هەروەها بە ئاسانیش لە گەدەدا هەرس دەبن، ئەمەش یارمەتی تەندروستی گورچیلەکان، گەدە، پێست و گەشەی قژ دەدات.
ئەو خواردنانەی بەکوڵاوی سوودێکی زۆریان هەیە:
-گەنمەشامی
بەپێی توێژینەوەکان گەنمەشامی کوڵاو ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین بی و کانزا بنەڕەتیەکانی زینک، مەگنسیۆم، مس، ئاسن و مەنگەنیزی تێدایە کە گرنگن بۆ تەندروستی لەش.
-پەتاتە
پزیشکەکان دەڵێن: پەتاتەی کوڵاو یەکێکە لە هەڵبژاردنە باشەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری و کالۆری بەراورد بە پەتاتەی سورەکراو، پەتاتەی کوڵاو بەڕێگایەکی زۆر باش بۆ پربوونی گەدە و دابەزاندنی کێش دادەنرێت.
-هێلکە
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو پڕۆتینەی لە سپێنەی هێلکەدا هەیە سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە و یارمەتی هاوسەنگ کردنی ڕێژەی شەکری خوێن دەدات.
-فاسۆلیای سەوز
فاسۆلیای سەوز بە کوڵاوی ڕیشاڵەکانی تێدایە، یارمەتی تەندروستی گورچیلە و دڵ دەدات، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و هەوکردن.
-بڕۆکلی
بڕۆکلی کوڵاو یەکێکە لە خواردنە سوودبەخشەکان، دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵەکان، ڤیتامین سی و کەی، کانزاکانی ئاسن و پۆتاسیۆم، پڕۆتینەکان، ئەمانەش سوودی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن.
-پاقلەمەنیەکان
پاقلەمەنیە کوڵاوەکان ڕێژەیەکی کەم کالۆریان تێدایە، دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەکان، خواردنی پاقلەمەنیە کوڵاوەکان ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی خوێن، پەستانی خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ کەمدەکاتەوە، هەروەها کێشی لەش بە هاوسەنگی ڕادەگرێت.