وەزارەتی پێشمەرگە: لە ئاست پەلامارەكانی داعش بێدەنگ نابین

پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئیدانەی پەلامارەكانی داعش بەسەر هێزەكانی پێشمەرگە دەكات لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و دەڵێت “هێزی پێشمەرگە لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت”.

شەوی رابردوو داعش لە سنوری قەزای كفری پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا، لەئەنجامدا شەهیدبونی پێشمەرگەیەكی لێكەوتەوە.

لەراگەیەندراوێكیشدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: “لەماوەی رابردودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوەو لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن”.

لەزانیاریەكانی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای هێرشەكەی شەوی رابردوی سنوری كفریش جارێکی تر دوپاتی دەکەنەوە، کە تیرۆرستان جوڵەو بزاوتەکانیان زیادبووەو لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوە، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن، بەڵام لێرەوه جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویست بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.

وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی دەدات لەوەی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت، خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەكەنەوە، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی هەمولایەکە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا