وشکەساڵی، ئەو بەڵایەی کە نابێت پشتگوێ بخرێت

 

نەرمین عوسمان

وشکبوونەوە یان وشکهەڵاتن؛ یەکێکە لە دیاردە سروشتییە ئاڵۆزەکان و بە کارەساتی سروشتیی ئەژمار دەکرێ. بەر ئەنجامی کەمبوونەوەی رێژەی بارینی باران و بەفرە لە ساڵێکدا کەمتر لە ئاستی دیاریکراو، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەى گەرمی و کەش، کە دەبێتە هۆیەک بۆ بەهەڵمبوونی ئاوی سەر زەوی و وشکبوونەوەی خاک.
جۆرێکی تریش، وشکهەڵاتنی کشتوکاڵییە، کە بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەى شێداریی خاکە بەهۆی جۆری خاکەکەوە کە توانای گلدانەوەی ئاوی نییە یان بەهۆی گۆڕانکاری لە خودی خاکەکە بەهۆی بەهەڵە بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤەوە، یان بەکارهێنانی زبڵی کیمیایی و زۆربوونی شۆراوگ و بەکارنەهێنانی شێوازی ئاودێریی سەردەمیانە و چاکنەکردنی خاکەکە.
وشکهەڵاتنی هیرۆلۆجی، ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی رێژەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و کەمیی ئاوی پاشەکەوتکراو.
وشکهەڵاتن بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەگەر چارەسەر نەکرێ؛ ئەوا کێشەى گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێ، وەک: کێشەی ژینگە، ئابووری، وزە، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و دەروونی و… هتد. ئەگەر درێژەش بکێشێ؛ ئەوا دەیان کارەساتی گەورە بەدواى خۆیدا دەهێنێ وەک: ئاگرکەوتنەوە، نەمانی دارستانەکان، بەبیابانبوون، کۆچکردن لە لادێوە بەرەو شار، زۆربوونی بێکاری… هەروەها کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاو و وزە و خۆراک دەبێ.
دەبینین ماوەی (40) ساڵە هیچ کارەساتێکی سروشتیی هێندەی وشکهەڵاتن کاریگەریی لەسەر مرۆڤ نەبووە، بۆیە زۆر گرنگە رێگەچارەکان بگیرێنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارە خراپەکانی و هەوڵ و هەنگاوی جیدیی پێویستە.
نامەوێ بچمە سەر باسی رێگە تەواو زانستییەکان، دەزانم رەنگە قورس و نەکردە بێ، بەتایبەتی لای ئێمە، بەڵام هەندێ خاڵ هەن بەئاسانی دەتوانرێ جێبەجێ بکرێن، لەوانە:
1. کۆرکردنەوەی ئاوی باران؛ دەبینین لە زۆر وڵات ئەم هەنگاوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت گلدانەوەی ئاوی باران لە ماڵەکانیشدا دەکرێ و لە شاریشدا باشتر کۆ دەکرێتەوە بەهۆی ئەوەی خاک لە ناوشاردا لەسەدا پازدە ئاو هەڵدەمژێ و لە لادێدا لەسەدا پەنجا، کە کۆکردنەوەی بۆ کاتی پێویست زۆر گرنگە.
2. ئاودێریی بە دڵۆپە و شێوازی تەکنەلۆجیانەی سەردەم.
3. دەکرێ ئەو جۆرە تۆوانە بەکار بهێنرێن بۆ کشتوکاڵ کە دەستکاریی جیناتیان کراوە و زیاتر بەرگەی وشکیی دەگرن.
4. گرتنی سەری جۆگەکان بەمەبەستى کەمکردنەوەی بەهەڵمبوونی ئاو.
5. بەکارهێنانی وزەی خۆر لە پاڵ وزەی ئاو و گاز.
6. زۆرکردنی رێژەی سەوزایی بەمەبەستى بەرزکردنەوەی رێژەی شێ و فێنککردنەوەی کەش، کە دەبنە هۆکار بۆ بارانبارین.
7. بەفیڕۆنەدانى ئاو لەناو ماڵەکان، پێویستە هەموو رێککارەکان بۆ کەمتر بەکارهێنانی ئاو بیگرێتە بەر. بۆ نموونە؛ لە کاتی زۆر پێویست نەبێ، لەخۆڕا ئاو بەرنەدرێتەوە. هەروەها ئۆتۆمبێل و حەوشە و کۆڵان شوشتن نەکرێ. دەیان رێگە هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەهەدەردانی ئاو، زیادەڕۆییش سزای لەسەربێ.
8. خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان و بەکارهێنانەوەی بۆ کشتوکاڵ و ئاودانی باخەکان.
9. دروستکردنی هەندێ بەنداو لەو شوێنانەی کە گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو.
10. چاککردنی خاک و تێکەڵکردنی زبڵی سروشتی و ئاژەڵی بۆ ئەوەی توانای گلدانەوەی شێی هەبێ و بگونجێ بۆ کشتوکاڵ.
11. بەکارهێنانی سیستمێکی سەردەمیانە بۆ چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لەکاتی وشکەساڵی.
هەر دەوڵەتە بەپێی جوگرافیا و سیاسەتەکەی، جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانى وشکەساڵی و مەترسییەکانى جیاوازە، ئەو رێگەچارانەش دەبێ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئیقلیمیی بن و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕە ئیدارە بدرێن و کاری بۆ بکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا