(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!

 

مرۆڤ مایسترۆی ژیانە و دەتوانێت بە شێوەیەکی هاڕمۆنی لەگەڵ سروشتدا خۆشترین ئاواز بژەنێت، بە مەرجێک بتوانرێت ئەو مرۆڤە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا بە شێوەیەکی زانستی پەروەردە بکرێت لەلایەن خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا.

لەم دۆخە هەستیار و قۆناغە چارەنوسسازەدا یەکێک لەئەرکە گرنگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگای کوردی بریتیە لە بەرنامەڕێژکردن و کارکردن لەسەر هەردوو پڕۆسەی مرۆڤ سازی و نیشتیمان سازی، چونکە ئەم دوو پڕۆسەیە ئەگەر بە شێوازێکی زانستی لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام بدرێن، ئەوا وەرچەرخانێکی گرنگ ڕوودەدات لە بەهێزبوونەوەی متمانە و ئینتیما و نوێ بوونەوەی خۆشەویستی خاک و نیشتیمان لە ناخی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا.

1- پڕۆسەی مڕۆڤسازی:

پڕۆسەی مرۆڤسازی لای من واتە دووبارە بونیاتنانەوە و پەروەردەکرنی تاکی کورد لەسەر بنەمای عەقڵی ئازاد، بە جۆرێک (ئازادی مرۆڤ) کرۆکی ڕێزگرتن و گرنگی پێدان بێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەهەندە لاوەکیەکانی تر.

بە واتایەکی تر گەورەترین و بەنرخترین سەرچاوەی ژیان بریتیە لە سەرچاوەی مرۆیی، لەم قۆناغەدا ئێمە ئەگەر بتوانین وەبەرهێنان لە سەرچاوەی مرۆییدا بکەین، ئەوا دەتوانین بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بین، ئەویش بە پڕۆسەیەک دەکرێت کە لەسەر بنەمایەکی تەندروست (تاکی ئازاد) پەروەردە بکەین، بەجۆرێک کە خزمەتکردنی (مرۆڤ و نیشتیمان) بە ئەرکی خۆی بزانێت و لەبەرامبەریشدا بگات بە هەموو ماف و شایستە ماددی و مەعنەوەیەکانی.
لەم چوارچێوەیەدا نیلسۆن ماندێلا:
“Education is the most powerful weapon which you can use to change the world. “
واتە “پەروەردە بەهێزترین چەکە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان.”

2- پڕۆسەی نیشتیمان سازی:

ئێمەی مرۆڤ ئەگەر توانیمان سەرکەوتوو بین لە قۆناغی (مرۆڤسازی)دا، ئەوکات بە دڵنیاییەوە دەشتوانین سەرکەوتوو بین لە قۆناغی (نیشتیمان سازی)دا، کە بریتیە لە قۆناغی بونیاتنان و ئاوەدانکرنەوەی نیشتیمان لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەند بۆ مرۆڤ و پاراستنی مافی گیانداران لە ژینگەیەکی تەندروستدا.

بە واتایەکی تر هەموو مرۆڤگەلێک دەتوانن لە رێگای بەکارهێنانی عەقڵ و پلانی ستراتیژی و بەرنامەی زانستی، ژیانێکی شکۆمەند و پڕ داهێنان بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوو ساز بکەن، هەروەها دەشتوانن ژینگەیەکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنن کە تێیدا نەک تەنها مافی مرۆڤ، بەڵکو مافی گیاندارانیش پرێزراو بێت.

٭ کارۆخ خۆشناو
(سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا