“دوو قۆناغی سەرەکی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و سعودیە بەڕێوەچووە”

پۆڵەتیک پرێس

وتەبێژی حکومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە دوو قۆناغی سەرەکی گفتوگۆ لەنێوان نوێنەرانی وڵاتەکەی و عەرەبستانی سعودیەدا بەڕێوەچووە.

عەلی ڕوبەیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ ی ئایاری ٢٠٢١ ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا دوو قۆناغی سەرەکی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و سعودیەدا بەڕێوەچووە، ئەوانەی پێشتر تەنها سەرەتایی بوون .

ڕوبەیعی لە ڤیدیۆ کۆنفراسێکی هەفتانەدا بەبێ ئاشکراکردنی شوێنی گفتوگۆکان وتی،  “نێردراوانی هەردوو حکومەتی ئێران و سعودیە گفتوگۆکانیان ئەنجامداوە”. بەڵام سەرچاوە میدیاییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن گفتوگۆکان لە بەغدا و بە نێوەندگیری عێراق ئەنجامدراون.

لەبارەی ئەجێندای گفتوگۆکانەوە، ڕوبەیعی وتی، ” گفتوگۆکان سەرنجیان خستووەتە سەر کێشەکانی هەردوولا و کێشە هەرێمییەکان و تا ئەوکاتەی دەشگەنە دەرئەنجامێک بەردەوام دەبن”.

وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕاتیشیکردەوە لەبارەی وردەکاری گفتوگۆکانەوە هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکات تا ئەو کاتەی دەگەنە دوا دەرئەنجام.

پێشتر پەیمانگای “بروکینگز” ڕاپۆرتێکی شیکاری لەبارەی گفتوگۆکانی ئێران و سعودیە بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە کردبوو، کەمکردنەوەی ناکۆکییە تائیفییەکانی ناوچەکە لەبەرژەوەندی ئەمریکایە و بەتایبەتی هاوکارییەکانی عێراق بۆ دیالۆگی ئێران و سعودیە پشکی هەیە لەکۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن کە پێشتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیمانی وەستاندنیدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا