پۆڵەتیک پرێس
ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ ی ئایاری ٢٠٢١، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی عێراق دەستی بە کارەکانی کرد و تێیدا لەبارەی چەند پرسێکی جۆراوجۆرەوە گفتوگۆ دەکرێت.
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، ” پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتربن، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان دەرفەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش دەخات”.
پلاسخارت ئاماژەی بەوەش کرد، عێراقییەکان دەیانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبچێت.
لەبارەی هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان پلاسخارت وتی، ” لە پرۆسەی هەڵبژاردندا یارمەتی عێراقییەکان دەدەین”.
نوێنەری UN لەبارەی کوشتنی چالاکوانانیشەوە قسەی کردو وتی، ” نابێت چاوپۆشی لەو کەس و گروپانە بکرێت کە چالاکوانان دەکەنە ئامانج”.