پۆڵەتیک پرێس
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە گەرووی هورمز تەقەی ئاگادارکردنەوەیان ئاراستەی حەوت کەشتی ئەمریکی کردووە.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ١١ ی ئایاری ٢٠٢١ ڕایگەیاند، ئەو وتەیەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کە دەڵێت تەقەی ئاگاداریان ئاراستەی ١٣ کەشتی ئێرانی کردووە ڕاست نییە”
ئاماژەی بەوەش کردووە، ” بەشی دەریایی سوپای پاسداران لەماوەی ئەنجامدانی ئەرکە ئاسایی و ڕۆژانەییەکانی خۆیدا لە ئاوەکانی ئێران لە کەنداو، تەقەی ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی حەوت کەشتی ئەمریکی کردووە کە ئیستیفزازی سوپایان کردووە و بێ هیچ ئامانجێک تەقەیان کردووە”.
وتیشی: سوپای پاسداران لە چواچێوەی یاسای دەریاییدا تەقەی ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی کەشتییە ئەمریکییەکان کردووە لە وەڵامی مامەڵە مەترسیدار و ناپیشەییەکانیاندا.
سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردووەتەوە، بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەتایبەتیش گەرووی هورمز و ئاوەکانی کەنداو نایاساییە و بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ١٠ ی ئایار، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، چەند کەشتیگەلێکی ئێرانی نمایشێکی دژە ئەمنی و ناپیشەیی بەرامبەر کەشتییە ئەمریکیەکان لە گەرووی هورمز ئەنجامداوە.