پۆڵەتیك پرێس
حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕاپۆرتی چاكسازی له بواری باج ڕهوانهی پهرلهمانی كوردستان كردو بەگوێرەی راپۆرتەكەش مامهڵهی هیچ كۆمپانیایهكی نهوت و گاز ڕایی ناكرێت تا پاكانهی باجی لهگهڵدا نهبێت
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢١، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتی چاکسازی لە بواری باج ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکان لە بواری چاکسازی و پێداگیری لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بە شێویەکی دادپەروەرانە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر کە بریتین لە:
یەکەم: وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سوتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەکان، باج بەم شێوەیە وەربگیردرێت کە لە ڕێکەوتی ٥\٣\٢٠٢١ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە:
٧% باج لە بەها لە کاتی هاوردەکردن
٤% باج لە بەها لە کاتی هەناردەکردن
دووەم: مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.
سێیەم: وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەنجام دەدرێت.
چوارەم: دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن.
پێنجەم: وەرگرتنی باج لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە ڕێکەوتی ١٧\١\٢٠٢١ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.