پۆڵەتیک پرێس
یەکێتی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق لەسەر چالاکوانانی بادینان و ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان هاتنەدەنگ و داوایان لەحکومەتی هەرێم کرد پابەندبێت بەبنەماکانی مافی مرۆڤەوە.
لەبەیاننامەیەکدا شاندی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە لەبارەی زیندانیکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان مەترسییە بۆسەر بەرتەسکبوونەوەی مەودای ئازادی رۆژنامەوانی لەهەرێمی کوردستان.
شاندەکەی یەکێتی ئەوروپا داوای لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پابەندبێت بەبنەماکانی مافی مرۆڤەوە و مافی دادگایی دادپەروەرانە بداتە پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسەکەی بادینان و بەشێوازێکی یاسایی رێکارەکان بگرێتەبەر و پابەندبێت بەئازادی تەواوەتی رۆژنامەوانی و رادەربڕین.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی بەپەلە و بێمەرجی سزادراوانی بادینانی کرد و وتی: بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کە لە 28ی نیسانی رابردوو دەرچوو نادادپەروەرانە بووە و دەبێت ئەو کەسانە بەزووترین کات ئازادبکرێن.