ئەو سندوقەی دەبوو داهاتە نەوتییەكانی تێدا كۆبكرێتەوە بەكوێ گەیشت؟

پۆڵەتیك پرێس

رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان چەند زانیاریەك لەبارەی دروستكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت “بەدانانی ئەو سندوقە گومان لەسەر داهاتی نەوت نامێنێت”.

یاسای دروستكردنی سندوقی داهاتە نەوتیەكان كە لە یەكی نیسانی ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لێدرا، بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی نەوت و غاز، دەبوو دوای 90 رۆژ جێبەجێبكرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە.

حوسام بەرزنجی، سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “هەوڵەكانمان بۆجێبەجێكردنی ئەو سندوقە دەخەینەگەڕ، چونكە بە جێبەجێكردنی پرۆسەی نەوت و غاز شەفاف دەبێت و لەلایەن پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی دەبینرێت دواتر دەخرێتە بەرچاوی هاوڵاتیان و ئەو گومانەی لەسەر داهاتە نەوتییەكان هەیە نامێنێت”.

لەبارەی ئەو هەنگاوانەش بۆ جێبەجێكردنی سندوقەكە نراون وتی “هەندێك هەنگاو نراوە، یەكێك لەهەنگاوەكان هاتنی كۆمپانیای دیلۆیت كە ساڵانە وردبینی لە داهاتە نەوتییەكان دەكات و راپۆرتی خۆی دەخاتەڕوو، هەنگاوێكی دیكەش كە ئێستا بەڕێوەیە ئامادەكرنی پرۆژە یاسایی بودجەیە، دوای حەوت ساڵ لە نەبوونی دەوترێت ئەو سندوقە جێی دەكرێتەوە”

بەوتەی سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان حكومەت وەك پێویست هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی نەناوە، بەڵام دوای ئاگاداركردنەوەیان بە یاداشتی فەرمی پەرلەمان و حزبەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی دەربڕیووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا