پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا راگیراوە، هۆكارەكەشی بۆ نەهاتنی نەوت لەلایەن بەغدا دەگەڕێتەوە.
ساڵانە حكومەتی عێراق بڕەنەوتێك بۆ پارێزگاكانی هەرێم دابیندەكات، لەكاتی نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت، بەڵام بەهۆی كەمی بڕەكە و نەبونی هیچ پلانێكی حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی نەوت، ساڵانە سەنتەری شارەكان لەوەرگرتنی بێبەشدەبن.
كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێس-ی رایگەیاند: “ئەو نەوتەی ساڵانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت لەكاتی نزیكبونەوە لەوەرزی هاویندا رایدەگرێت، بەهۆی نەهاتنی هیچ بڕەنەوتێكیش لەلایەن بەغداوە لەئێستادا پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا وەستاوە”.
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە وتیشی “لەساڵی 2014 وە حكومەتی هەرێم یەك لیتر نەوتی بۆ هاوڵاتیان دابیننەكردووە، تەنها حكومەتی عێراق ساڵانە بەرێژەی 20% نەوت بۆ هاوڵاتیان دەنێرێت، ئەو رێژەیەش دابەشكراوە، واتە پرۆسەكە لە چ مەڵبەند و گەرەكێك وەستا لەوشوێنە دەستپێدەكاتەوە”.
بەوتەی كەرم عەلی، بەپێی ئەو ڕێژەیە كە ساڵانە 20% نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت بە پێنج ساڵ جارێك هاوڵاتیان بەرمیلێك نەوتیان پێدەدرێت، ئەگەر رێژەكە زیاتر بكرێت پرۆسەكەش گۆرانكاری بەسەردادێت، بۆ ئەوەی تەواوی هاوڵاتیان لەوەرگرتنی نەوت سودمەند بن بۆ هەرێم پێویست بە دابینكردنی 250 ملیۆن لیتر هەیە و بۆ سلێمانیش پێویست بە 108 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.