یەكێتییەكەی جاران‌و یەكێتی دوای كۆنگرە

بەشی یەكەم
لینین دەڵێت: بۆ ئاشنابوون لە ئەنجامی ئێستای ڕووداوەكان، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەر لە ڕووداوەكان .

ئەگەر ئێمەش بمانەوێت لە خاڵە سلبی و ئیجابیەكانی ئەنجامی كۆنگرەی چواری یەكێتی بدوێین، ناتوانین بە بێ گەڕانەوە بۆ مێژویەكی دورتر، ڕاشكاوانە بڵێین، بۆ مێژووی تەكەتولەكان ‌و ململانێ و كێبڕكێیان لەسەر چنینەوەی دەسكەوتەكانی خەباتی یەكێتی بگەینە هیچ ئەنجامێكی سوودبەخش .

سەرەتا با بەچەند پرسیارێك دەست پێبكەین، ئایا لەیەكێتی نیشتمانی كوردستاندا تەكەتول بوونی هەبووە؟ ئەگەر هەبووە، چەند تەكەتول بوون و بۆچی ‌و لەپێناوی چیدا تەكەتولیانكردووە و ئامانجیان چی بووە؟ زیانەكانی تەكەتول چی‌ و چەند بووە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟ سەركردەكانی تەكەتول‌ و كاراكتەرە ئاشكراو نهێنییەكانی كێ بوون؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە هەندێكیان ز‌ۆر سەرەتایین و هەندێكی تریان هەتا سترۆكتۆرو ماهییەتی هەر یەكە لەتەكەتولەكان نەزانین، وەڵامەكانمان چنگ ناكەوێت .

بەڵێ تەكەتول هەبووە، بەڵام هەتا مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەو شێوە زەق و ئاشكرایەی لە خۆ نەگرتبوو، خودی خۆی ئیدارەی سەرجەم ململانێكان ‌و تەكەتولەكانی یەكێتی دەداو هەروەك خۆی دەیوت: “هەمووتان هی منن ‌و منیش هی هەمووتانم”، بۆیە ئێمە ناچار دەبین، لە دوای كۆچی دوایی ڕابەری یەكێتییەكانەوە باس لەتەكەتول بكەین، چونكە لەو كاتەوە سەرجەم بەرژەوەندییەكان جیابوونەوەو ململانێ و ڕق ‌و كینەی دەیان ساڵەی سەركردەكان لەنەستیانەوە گوێزرانەوە بۆ هەستیان .

ژمارەی تەكەتولەكان

لە دوای ماڵاوایی یەكجارەكی مام جەلالەوە، لە یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دوو تەكەتول و نیو هەبوون، كە زۆر بە كورتی لێیان دەدوێین :

تەكەتولی یەكەم:
سترۆكتۆرەكەی: میراتگرو خاوەنداری یەكێتی بوون .

پایەكانی:
1- كۆڵەكەو تاوڵێكی بەهێزو پتەو لە بونیاد و ڕەشماڵەكەیدا هەبوو، كە سێبەرو سایەی بەسەریاندا كێشابوو، كە ئەویش ڕۆح و دەسەڵات و هەژمونی مام جەلال بوو .
2- هێزێكی مەعنەوی و مێژوویی ‌و دبلۆماسی ناوخۆیی و كوردستانی و عێراقی و ئیقلیمی و جیهانی، كە ئەویش مێژوویەكی دورودرێژی خەباتی مام جەلال دروستی كردبوو .
3- ئابوورییەكی بە هێز لەكۆمپانیا و نەوت و عەقارات و بازرگانی و … هتد .
4- كۆنترۆڵكردنی ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی، بینراو و بیستراو و خوێنراو (تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و لۆكاڵی و ئاسمانی و پەروەردەیی و وەرزشی و ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو دەیان گۆڤارو سایت و پەیج).
5- هێزێكی تۆكمەو مەشقپێكراوی ئاسایش و دژە تیرۆرو پێشمەرگەو زانیاری .
6- بوونی سەركردەی نوێ لە گەنج و لاوەكان، كە هەندێكیان ڕۆڵێكی میحوەرییان پێدرابوو لەسترۆكتەرە بنچینەییەكەی خاوەندارییەكەو دوای كۆنگرەی چواریش دەسەڵاتیان گرتە دەست.
7- دایكانێكی دەستكراوە و بەخشندە بۆ خزمەتكردنی تەكەتولەكە .

تەكەتولی دووەم، یان تەكەتولەكانی دووەم :

توێژەرێكی سیاسی بە هەڵەدا دەچێت ئەگەر وا بزانێت ئەو كۆمەڵە سەركردەیەی لەتەكەتولی دووەمدا كۆبوونەوە و چووبوونە پەنای یەك، یەك تەكەتول بووبن .

یەكیان، لەسەردەمی مامیشدا خاوەنی تەكەتولی خۆی بووە و دیوەخانی هەمیشە جمەی هاتووە، خاوەنی هێزی ماددی و مەعنەوی و سەربازی خۆی بووە، هەر بەفیترە سیاسییەكی موحەنەك و نەخشە داڕێژەری سیاسەتی خۆی بووە و لە بواری هەڵمەت و پێشمەرگایەتیشدا كەم كەس شانی لە شانی داوە .

بەڵام ئەم سەركردەیە هەرگیز باڵانسی هێزی بەلای خۆیدا نەشكاندووەتەوە و لە كۆتایی هەموو گەمە سیاسیەكانیشدا باڵادەستی ‌و بەهێزی یەكێتی مەبەست بووە، دوا هەنگاوی بەر لەكۆنگرەی چواریش باشترین سەلمێنەری ئەو بۆچوونەمانە .

ئەوەش هۆكارەكانی زۆرن، یەكێك لەوانە، بەردەوام خودی خۆی بووە و بەتاقی تەنیا سیاسەتی كردووە و پشتی بە كەس نەبەستووە، بە درێژایی ژیانی سیاسی كەسانی قاڵبووی سیاسەت لەمەدارەكەیدا نەبووە، ئەگەر هەشبووبێت ئەو كاریگەرییەی نەبووە، بەردەوام كەسانی بەرژەوەندخواز و هەندێكجاریش هەلپەرست لەدیوەخانەكەیدا چاوەڕوانی پلەو پایەو پۆست بوون.

ئەنجام بەهۆی باری تەندروستی نا جێگیرو دوركەوتنەوەی كردەیی و ڕاستەوخۆی لە ململانێكان و ئیدارەدانی سیاسەت و تەكەتولدا وردە وردە باڵانسی هێزو دەسەڵاتەكەشی دابەزی و ئەو كاریگەرییە زۆرەی نەما لەگۆڕینی هاوكێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەیدا .

تەكەتولی دووەم، هەریەكەیان، یاخود گروپ گروپیان، پاڵنەرێكی زاتی، یان بەرژەوەندیی، یان ترسی لەدەستدانی شتێك بە یەكەوە گرێیدابوون .

هەندێكیان سەردەمانێك كوڕی مام بوون و لە دوای مامەوە لە ماڵ دەركران، جا لەبەر لاساری خۆیان بووبێت، یان هەر هۆكارێكی تر، لەوانەش چەند دانەیەكیان بارگەو بنەی پێچایەوەو بوو بەپارتی.

هەندێكی تریان لە سەردەمی مامدا دەسەڵات و پلەوپایە و ئیمتیازی زۆر ڕژابوو بەسەریانداو لە دوای مامیش ئۆرگانەكانی خۆشیان بۆ بەڕێوە نەدەبراو فەرشی زێر نەما بۆ ڕۆیشتن لەسەری، پارە نەما بۆ تەخشان و پەخشانكردن، ناچار، یان بۆ تۆڵەكردنەوە هاتنە نێو تەكەتولی دووەمەوە .

3-ڕەنگە خوێنەری هێژا، كە لە سەرەتاوە وتمان دوو تەكەتول و نیو، وشەی (نیو)ی بەلاوە نامۆو سەیر بوبێت، ئەم نیو تەكەتولە، یاخود سەركردەیە، مرۆڤێكی خوێندەوار، ئەكادیمی، تەكنۆكرات و دیبلۆماتكار بوو، بەڵام بەردەوام لە كاركردنیدا چەند هۆكارێكی بابەتی و خودی ڕێگر بوون لەوەی ببێتە تەكەتولێكی سەربەخۆو پایەیەكی سەرەكی و بنچینەیی و بە هێزی هاوكێشە سیاسیەكەی تەكەتول بێت لە یەكێتیدا .

هۆكارە بابەتییەكان :
1-پێوەرێك هەتا كۆنگرەی چوار لەمەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كاری پێدەكرا (بوونی ڕابردووی پێشمەرگایەتی شاخ) بوو، فرۆشتنەوەی سەروەرییەكانی ڕابردوو بوو، بەڵام سەركردە نیوە تەكەتولەكەی سێیەم ئەو مەرجەی شك نەدەبردو لە ململانێكانی تەكەتوولدا بەردەوام بە چاویدا دەدرایەوە .

2-لە كاتی باڵادەستی و بەرپرسیارەتی حكومەتیشدا زۆر بێمنەتانە كاری دەكرد، یەكێك لەوانەش بڕینی بودجەی یەكێتی بوو لە حكومەت، بەڵام بودجەی پارتی وەك خوی و هەتا ئێستەش بەردەوامە .

3-لەبواری دبلۆماسی و پابەندبوونی ئەجێندای دەرەكییەوە، خوێندنەوەیەكی ڕاست و دروستی نەبوو بۆ هاوكێشە ناوخۆیی و عێراقی ‌و بەتایبەتی ئیقلیمیەكان، (هەڵبژاردنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ سەركۆماری عێراق باشترین بەڵگەی ئەم بۆچوونەن)، كە خودی خۆی لەو باوەڕەدا بوو تەنیا هۆكارێك بۆ نەبوونی بە سەركۆمار، دژایەتیكردن و قایلنەبوونی تەكەتولی یەكەم بووە، بەڵام خۆ فراكسیۆنەكانی پارتی و ئیسلامییەكانیش دەنگیان نەدایە.

هۆكارە خودییەكان :
ا- لە هیچ بابەتێكی حیزبی و تەكەتولدا، یەكلاكەرەوەو بڕیاردەر نەبووە، هەمیشە ویستویەتی باڵانسەكانی ڕازیكردنی بەرانبەر بەوەڵامە عمومی و مەتاتییەكان ڕابگرێت.

ب- هیچ كاتێك خودی خۆی وەك كەسی یەكەم لە قەڵم نەداوە، بە واتایەكی دی: بەردەوام پێویستی بە كۆڵەكەیەك هەبووە بۆ پاڵپێوەدان، ڕەنگە ئەم خاڵەیان پەیوەندی بە خاڵی یەكەمی هۆكارە بابەتییەكانەوە هەبووبێت، یان باوەڕنەبوون بووە بەخودو كەم تەماشاكردنی خود .

ج- هەمیشە گومانی هەیە لەبەرانبەرەكەی، بە ترسەوە دەدوێت و تەنیا پرسیار دەكات و وەردەگرێت، هەرگیز بۆچوونی قووڵایی ناخ و بیركردنەوە و ئەجێندای كارو پلانەكانی بۆ نزیكترین كەسیشی دەرنابڕێت، هەر ئەو هۆكارەشە ڕاڕایی و دوودڵی دەبەخشێتە بەرانبەرەكەی و هیواكانی لاواز دەكات بەم سەركردەیە هەر ئەوەش هۆكاری دوركەوتنەوەی زۆربەی برادەرەكانێتی .

د- هیچ كاتێك سەرچاوە داراییەكانی لەخزمەتی خۆی و نیو تەكەتولەكەیدا بە كار نەهێناوە، وایدەزانی سیاسەت و ململانێ تەنیا و تەنیا قسەو دروشمە .

تەكەتولی دووەم، هیچ جۆرە ستراتیژێكیان نەبوو، بەرنامەیەكی تۆكمەی كاركردنیشیان شك نەدەبرد، سەرەڕای ئەوەش ناوەندێكی بڕیاریان پێكهێناو یاداشتێكیشیان بڵاوكردەوە، بەڵام زۆربەی خاڵەكانی یاداشتەكە لە بۆتەی داراییدا كۆكرابووەوە، نەك بابەتە چارەنووسسازەكانی غیابی مام جەلال و یەكێتی، بۆیە هەر زوو كاریگەرییەكەی لە دەستدا، سەبارەت بە ناوەندی بڕیاریش، هەریەكەو شتێكی پێباش بوو، یەكێك نزیكبوونەوە لە گۆڕان و یەكێكی دی دروستكردنی مینبەرێك، دیسانەوە سەرچاوە داراییەكانی ناوەندی بڕیاریش كەسی و تایبەتی بوون، هەریەكەو خزمەتی ئەجیندای بیركردنەوە و پێگەی خۆی پێدەكرد .

بۆیە دەتوانین بڵێین تەكەتولی دوای ناوەندی بڕیار هەمیشە لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بوون، هەرچیشیان دەكرد وەك بەردەكەی سیزیف غلۆر دەبووەوە بۆ دامێنی چیاكە هەتا بەر لە كۆنگرەی چوارەم سەرجەم تەكەتولەكان بۆ دەروازە و كڵاوڕۆژنەیەك دەگەڕان لەو چەقبەستوییەی خۆیان و یەكێتی تێی كەوتبوون ڕزگاریان بكات .

سەمەد زەنگەنە

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا