پۆڵەتیك پرێس
نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە تاران رایدەگەیەنێت تیرۆركردنی قاسم سلێمانی بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە دژە تیرۆری یەكێتییەوە نییە و ئەو دەنگ و باسانەی لەوبارەوە بڵاودەكرێنەوە بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم و تێكدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
نازم دەباغ، نوێنەری یەكێتی و لە هەمان كاتدا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو دەنگ و باسانەی بڵاوكراونەتەوە لەسەر رووداوی تیرۆركردنی قاسم سلێمانی تەئكید دەكەمەوە جگە لەوەی دەستێكە بۆ تێكدان و دروستكردنی پشێوی لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران هیچی دیكە نیە.
نوێنەری یەكێتی لە تاران وتی: ئەم كارە نە دژە تیرۆری یەكێتی و نە دژە تیرۆری پارتی دوور و نزیك ئاگایان لێی نیە، چونكە بەندە كە نوێنەری حكومەتی هەرێمم لە تاران، وە نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشم، بۆیە ئەگەر شتێكی وا ببێت كە زیاتر لە ساڵێكە ئەم رووداوە روویداوە، دەكرا لە بۆنەیەكدا ئاگاداربكرێینەوە وەكو نوێنەر كە حزبەكەمان بزانێت كارێكی وا كراوە.
روونیشیكردەوە، ئەگەر ئێران زانیاری وای هەبووایەت وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی نەدەكرد، جگە لەوەی سەردانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیان كرد سەردانی هاوسەرۆكانی یەكێتیشی كرد و تەئكیدی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا كردووەتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا سەیرە چەند كەسێك بە ناوی كارمەند و كەسانی ئەمریكی كە دووركەوتوونەتەوە لە حكومەت لە ماڵپەڕێكدا بێن هەواڵی لەم چەشنە بڵاوبكەنەوە، پێویستە بە هەموومان ئەم سەرچاوانە كوێربكەینەوە كە سەرچاوەی دروستكردنی درۆن لەسەر ناووناوبانگی بەشداربووانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئاشکراشیکرد، دەزگای هەواڵگری كۆماری ئیسلامی ئێران دەزگایەكی توانامەندە روداوی تیرۆركردنی حاجی قاسم كە زیاتر لە ساڵێكی روویداوە پێم وایە خۆیان زیاتر زانیاریان هەیە لە چۆنیەتی ئەم رووداوە ، لە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵەش لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەیوەندیم پێوە نەكراوە وەكو نوێنەری یەكێتی روونكردنەوە بدەم لەسەر ئەم هەواڵە.
پێشتر دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لەبارەی تێوە گلانی ژمارەیەك لە هێزەكانی دژە تیرۆری سەر بە هەرێم لە كەیسی كوشتنی قاسم سولەیمانی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەدا “بەشداربووانی هێزەكەمان لەكردەوەی لەوجۆرە رەتدەكەینەوە و ئامادەین بۆ وەڵامی هەر پرسیارێكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تیرۆركردنی ناوبراو”.