پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت بەلایانەوە گرنگە شوێنە گەشتیارییەكان لە رۆژانی جەژندا بكرێنەوە بە رەچاوكردنی رێنماییە خۆپارێزییەكان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: وەكو دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم جگە لە قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێم و عێراق و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ رێنماییەكی تایبەتمان نیە.
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم وتی: سەبارەت بە ئامادەكارییەكان تا ئێستا ئەوە هەیە ئۆتێل و رێستۆرانتەكان كراوەدەبن، دوا بڕیاریش سەربارەت بە كردنەوە و داخستنی شوێنە گەشتیارییەكان لەلای لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە لەسەر ئاستی پارێزگاكان.
روونیشیكردەوە، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە شوێنە گەشتیارییەكان كراوەبن بە رەچاوكردنی رێنماییە خۆپارێزییەكان.
ئەمەش لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژژمێری ساڵانەی پشو و بۆنە فەرمییەكاندا ئاماژەی بەوەكردوە، رۆژانی پێنجشەممە تاوەكو شەممەی داهاتو (13، 14 و 15ـی ئایار) بەبۆنەی جەژنی رەمەزان لەسەرجەم دەزگاكانی حكومەتدا پشوی فەرمی دەبێت.