کازمی فەرمان دەکات بکوژانی ئیهاب وەزەنی ئاشکرابکرێن

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمان بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات بەزوویی بکوژی چالاکوانە عێراقییەکە ئاشکرا بکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی حکومەت، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ ی ئایاری ٢٠٢١، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەخێرایی بکوژانی ئیهاب وەزەنی چالاکوان ئاشکرا بکەن.

حکومەت لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: بکوژانی وەزەنی لە وەهمدا دەژین ئەگەر پێیان وابێت لە دەستی دادگەری ڕزگاریان دەبێت، شوێن بکوژەکە دەکەوین و تۆڵە لە هەر تاوانبارێک دەکەینەوە کە یاری بە ئاسایشی گشتی بکات”.

ئیهاب وەزەنی، چالاکوانی دیاری عێراق و ئەندامی دەستەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩  لەهێرشێکی چەکداریدا لەناوچەی حەداد لەکەربەلا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی تویتی یەکێک لەچالاکوانەکان کە ناوی عومەر جەنابییە، ئیهاب وەزەنی بەرپرسی هەماهەنگی کەربەلا بووە لەخۆپیشاندانەکان و یەکێک بووە لەدیارترین چالاکوانە مەدەنییەکانی خۆپیشاندانی جەماوەری پارێزگای کەربەلا و عێراق.

هاوکات، ژمارەیەک چالاکوانی عێراقی میلیشیاکانی سەربە ئێران تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی ئیهاب وەزەنی و بەئامانجگرتنی چالاکوانانی عێراق.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە سەدان خۆپیشاندەری عێراقی کوژراون، ئامارەکانی حکومەت ئاماژە بە کوژرانی ٥٦٠ کەس دەکەن، بەڵام چالاکوانان دەڵێن ژمارەی کوژراوان نزیکەی ٨٠٠ کەس دەبێت.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا