شێرپەنجە لەعێراق، بۆ دەوڵەمەندەکان تیشک و بۆ هەژارەکانیش چارەسەری کیمیایی

پۆڵەتیک پرێس

ئەو نەخۆشانەی لەچینی هەژارانن ناچارن لەنەخۆشخانەکانی نەینەوا چارەسەر وەربگرن چونکە ناتوانن تێچووی گواستنەوە و مانەوە و وەرگرتنی چارەسەر لەشوێنەکانی دیکە دابینبکەن، بۆیە لەئەنجامی کەمی چارەسەرەکان و نەبوونی ئامێری پزیشکی پێویست لەنەینەوا زۆرێک لەنەخۆشەکان بەبێدەنگی گیانلەدەستدەدەن.

عودەی 41 ساڵ چەندین سەعات لەنەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لەشاری موسڵ بەسەردەبات، لەئامادەباشیدایە بۆ وەرگرتنی ژەمە کیمیاییەکەی و مێشکی پڕە لەبیرکردنەوە لەوچارەنوسەی لەگەڵ شێرپەنجەی ئێسکدا چاوەڕێی دەکات.

بەر لەچەند ساڵێک عودەی بۆیدەرکەوت توشی شێرپەنجەی ئێسک بووە، ئەو هەموو سێ هەفتە جارێک بەپێی ئەو خشتەیەی لەدوای نەشتەرگەری لابردنی گرێی شێرپەنجەیی لەسەر قەفەسەی سنگی بۆی دیاریکراوە چارەسەری کیمیایی بەکاردەهێنێت، ئەو دەیتوانی هەموو ئەو ئازارانەی کە هەیەتی کەمیبکاتەوە ئەگەر ئامێری تیشک لەشارەکەی بەردەست بووایە.

ئامێری تیشک یەکێکە لەڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئازار و ڕێگریکردن لەزیاتر تەشەنەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان لەڕێی تیشکەوە، بەڵام ئەم چارەسەرە لەموسڵ بەردەست نییە و بەناچاری عودەی هەوڵیدا بڕوات بەرەو بەسڕە لەخوارووی عێراق، بەڵام چونکە وادەی ناوهاتنەوەی زۆر درەنگ بوو ناچار پەنایبردەبەر پارێزگای سلێمانی لەهەرێمی کوردستان، تەنانەت لەوێش دەبوو سێ مانگ چاوەڕێ بکات تا نۆرەی چارەسەری تیشکی بەربکەوێت.

هەنگاوی وەرگرتنی چارەسەر بەتیشک یەکێکە لەگرنگترین هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە چونکە لەڕێی ئەم تیشکەوە دەکرێت رێگری لەزیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەجەستەی توشبوو بگیرێت و ژیانی کەسەکە رزگاربکرێت.

“1000 دۆلاری زیادە بدە تا نۆرەیەکی نزیکت بەربکەوێت”

ئەمە کورتەی ئەو ئەزموونەیە کە عودەی لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکاندا لەسەرانسەری وڵات هەیبوو.

هێرشەکانی ڕێکخراوی چەکداری داعش لێدانێکی قورس بوو لەسەر ناوەندی پارێزگای نەینەوا لەساڵی 2014 و پاشانیش کاتی ئازادکردنی لەساڵانی 2016 و 2017 گورزێکی دیکە بوو بۆسەر ژێرخانی پزیشکی ئەو پارێزگایە بەجۆرێک پێنج نەخۆشخانەی گەورەی موسڵ لەکارکەوتن کە سیانیان دەکەوتنە لای ڕاستی موسڵ و نەخۆشخانەکانی ئیبن سینا و نەخۆشخانەی کۆماری و کۆلێژی پزیشکی و پزیشکی ئەتۆمی لەخۆدەگرت.

رێکاری بیرۆکراتی نەخۆشەکان لەچارەسەر بێبەش دەکات

عەبدولقادر سالم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گرێ و پزیشکیی ئەتۆمی لەپارێزگای نەینەوا دەڵێت، نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە کە تایبەتن بە نەخۆشانی شێرپەنجە جگە لەژەمی کیمیایی هیچی دیکە پێشکەشی نەخۆشەکان ناکەن، بۆیە بەناچاری نەخۆشەکان رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێم دەکەین بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

بەپێی ئامارەکان، 190 توشبووی شێرپەنجە لەنەینەوا، سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2021 چوونەتە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی نەینەوا، لەو ژمارەیەش 116 حاڵەت بەهۆی نەبوونی ژەمە کیمیایی و حاڵەتەکانی دیکەش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تیشک نەینەوایان بەجێهێشتووە.

تەنیا چارەسەری کیمیایی بۆ هەژاران

لەلایەکی دیکەوە پزیشکێکی تایبەتمەندی پارێزگاکە کەناوی ئاشکرا نەکردووە دەڵێت، حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجە لەنەینەوا زیاترن لەوەی رادەگەیەندرێن، بەڵام دوو هۆکار هەن بۆ ئاشکرانەکردنی ژمارەی راستەقینەوەی حاڵەتەکان یەکەمیان پەیوەستە بە رێنمایی ئیدارەی تەندروستیی نەینەواوە کە ساڵانێکە رێگریدەکات لەئاشکراکردنی ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە، بەڵام هۆکاری دووەم ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەتوشبووان پەنادەبەنەبەر بەغدای پایتەخت و هەرێمی کوردستان و تەنانەت تورکیا و هندستانیش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

بەپێی قسەی ئەو پزیشکە، ئەو توشبووانەی شێرپەنجە کە سەربە چینی هەژارەکانن تەنیا توشبوون کە ناچارن پەناببەنەبەر نەخۆشخانەکانی ناوخۆی نەینەوا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چونکە ناتوانن تێچووی گواستنەوە و چارەسەر و مانەوە لەشوێنی دیکە دابین بکەن، بەڵام بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەینەوا زۆربەیان بەبێدەنگی گیانلەدەستدەدەن.

وەرگرتنی چارەسەری تیشک لەنەخۆشخانەکانی عێراق لەماوەی دەوامی بەیانیان بێبەرامبەرە، بەڵام لەماوەی دەوامی ئێواران، یەک دانیشتن 40 هەزار دیناری عێراقی تێدەچێت.

لەپاڵ هۆکارەکانی دیکەی زیادبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەناویشیاندا پیسبوونی ژینگە و پاشماوە پیشەسازییەکان، شارەزایانی بواری پزیشکی دەڵێن، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەکانەی ساڵانی شەڕی داعش لەموسڵ بەکارهێنراون.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، دەرکەوتووە دوو ئامێری چارەسەر بەتیشک لەنەینەوادا بوونیان هەیە، بەڵام تەنیا لەزانکۆی موسڵ بەمەبەستی توێژینەوە بەکاردەهێنرێن و رێگری یاسایی و ئیداری هەیە بۆ بەکارهێنانیان بۆ ئەو کەسانەی پێویستیانە و ناچارن رووبکەنە شوێنی دیکە.

بەهۆی هەژاری بودجەی گشتی و گەندەڵی راوێژکاری لەکەرتی حکومیدا، موسڵ لەپلانی بنیادنانی نەخۆشخانەی نوێ لەپاڵ شارەکانی دیکەی وەک بەسڕە و ئەنبار و نەجەف شکستیهێناوە، کە دەبوو بەپێی ئەو پلانە هەشت ناوەندی چارەسەری تیشکی 400 قەرەوێڵەیی تیایدا بنیادبنرێت.

عێراقییەکان هیوا دەخوازن ئەو پلانە پەکخراوانە دووبارە کارابکرێنەوە و بەخێرایی جێبەجێ بکرێن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو رێژە زۆرەی توشبووانی شێرپەنجە لەوڵات کە نزیکەی 350 هەزار حاڵەت دەبێت و ناوەندی چارەسەری کیمیایی و تیشک بەپێی پێویست بەردەست نییە بۆیان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا