پۆڵەتیک پرێس
سەرۆکی تیمی ئێران لە گفتوگۆکانی ڤییەنا ڕایدەگەیەنێت، واشنتن ئامادەیە بەشێکی گەورەی سزا سەپێنراوەکانی لەسەر تاران هەڵبگرێت.
عەباس عێراقچی، سەرۆکی تیمی ئێران لە گفتوگۆکانی ڤییەنای نێوان وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی بە میدیاکانی وت: ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنا کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجامدا، قۆناغێکی نوێمان لە گفتوگۆکان دەستپێکرد”.
عێراقچی وتیشی، ” دەمانەوێ کارەکانمان بە زووترین کات تەواو بکەین، بەڵام ناتوانین پێشبینی کاتی کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان بکەین”.
بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئەمریكا و ئێران، كۆبونەوەی وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، رووسیا، چین و فەرەنسا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ ئێران راستەوخۆ و لەگەڵ ئەمریکا ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوو.
مانگی ڕابردوو دانوستانی ئەتۆمی ئێران لەڤیێنا دەستیپێکرد، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆناو ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی کە لەساڵی 2018 لێی کشایەوە و دواتر سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.