هەڵوێستی یەكێتی لەسەر کەیسی سزادانی چالاکوانانی بادینان

پۆڵەتیك پرێس

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەبارەت بە كەیسی سزادراوانی بادینان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت “هەوڵەكانیان بۆ لابردنی سزای ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بەگەڕخستووە”.

رۆژی سێشەممە، 4ی ئایار دادگای پێداچونەوەی ھەرێم سزای بەندکردنی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد، ئەو بڕیارەش نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیداهێنا.

لەراگەیەندراوێكیشدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: “بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی ھەرێم لەبارەی پەسەندكردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیراوەكانی بادینان”.

یەكێتی پێشهاتێكی لەمجۆرە، بە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم ناوزەند دەكات، پێیوایە وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.

لەزانیاریەكانی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، یەكێتی وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمیەجۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەرخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەل، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەیان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێبگیرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا