پۆڵەتیك پرێس
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێك دەدەن لە پێناو ئازادكردنی سزادراوانی بادینان و جەختدەكاتەوە هەر بڕیارێك لە چواچێوەی یاسا بێت یان دەرەوەی یاسا، دەنگی ئازادی هاوڵاتیانی كوردستان كپ بكات جێگای رەتكردنەوە و تانە لێدانە.
دوای بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی پەسەندكردنی بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر تایبەت بە سزادراوانی بادینان، سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هەموو بڕیارێك لە چواچێوەی یاسا بێت یان دەرەوەی یاسا، دەنگی ئازادی هاوڵاتیانی كوردستان كپ بكات جێگای رەتكردنەوە و تانە لێدانە، لەگەڵ رێكخراوە شەریكەكانمان لە ئاستی نیشتیمانی و جیهانی، هەوڵەكانمان بەردەوام دەكەین بە ئاڕاستەی گۆرینی حوكمەكانیان و ئازاد كردنیان.
ئەوەش هاتووە، ئێمە و خێزان و زۆرێك لە رێكخراوی جیهانی و تیمی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لەبەرژەوەندی ئازادی رادەربڕین بشكێتەوە و جەژنی رەمەزان لەناو خێزانەكانیان بكەن بەڵاًم دادگای پێداچوونەوە سزاكەی پەسەند كرد.
ئەوەش خراوەتە روو، پەسەندكردنی بڕیارەكە داخستنی هەموو دەرگاكان نییە، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین دەسەڵاتەكانی بۆ ئەم كەیسانە بەكاربهێنێت.
دوای پەسەندكردنی بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر، لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمەوە، ئەوەی بووتە جێگەی سەرەنجی هاووڵاتیان لە ناو تۆمەتەكاندا سەردان و كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵخانەی وڵاتان و وەرگرتنی كۆمەكی دارایی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك تۆمەت دانراوە.