کۆبوونەوەی حکومەت لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان هیچ بڕیارێکی تێدا نەدرا

پۆڵەتیک پرێس

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا .

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار بە پرسی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێکی دیاریکراو نەدرا، وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ” لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر رووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بە‌گشتی، گفتوگۆ دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئە‌و دیاردە نەشیاوانە‌ کرا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە : 

 

ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەك لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر رووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بە‌گشتی، گفتوگۆ دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئە‌و دیاردە نەشیاوانە‌ کرا.

سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دووپات کردەوە لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و بەهێزکردن و کاراترکردنی رۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردنی و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

لە کۆبوونەکەدا کۆمەڵێك بڕیار و ڕاسپاردە بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تاووتوێ کرا. لەم رووەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا کە هاوکار بن و رۆڵی گرنگیی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەك بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا