کوشتنی زەردەخەنەکەی حەی عومال

رەحمان غەریب، هەولێر
تیشکە ئاڵتونێکانی خۆر هێدی هێدی لە پشت پەردەکەوە دەکشایە نێو ژورەکەی سەردەشت عوسمان. بەشداری برای لەخەو بەخەبەری هێنا. سەردەشت پێڵوی چاوەکانی بۆ رۆژێکی نوێ هەڵبری. پێخەفەکەی بەجێهێشت، پەنجەرەکەی خستە سەرپشت و لەکۆڵانەکانی گەرەکی هەژارنشینی کرێکارانی ڕوانی، تیشکی خۆری ئەو بەیانییە گەیشتبویە نێو پانتایی ژوورە بەرتەسکەکەی، لە قەدو باڵای کتێبخانە بچکۆلانەکەی ئاڵابوو.
بەبێ خوێن نابێ
(قەڵای سپی) ئورهان بامۆک، (زۆربا) و (فرانسیکوس قەدیسی من) و (راپۆرت بۆ گریکۆ) ی نیکۆس کازانزاکیس، (ملوانکە) ی شێرکۆ بێکەس، (عەشق هەمیشە تەنیایە) ی سوهرابی سپهری، (دواهەمین هەناری دونیا) ی بەختیار عەلی، (بەیادی سۆزانییە غەمبارەکان) ی گابریل گارسیا مارکیز، (یەک کاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو) ی فاروق رەفیق، (تاوان و سزا) ی دیستۆفسکی، (بەبێ خوێن نابێ) ی ئەلیکساندرۆ باریکۆ، بەشێک بوون لە ناونیشانی ئەو کتێبانەی کە لە کتێبخانەکەیدا. کتێبەکان نەینازانی ئەو بەیانییە دوا ماڵئاوایی خوێنەرەکەیانە.
بەکر عوسمان برای جوانەمەگ، رۆمانی دواهەمین هەناری دونیای بەدەستەوە گرت وتی، ” ئەو شەوە ئەم کتێبە بە تەنیشت براکەمانەو بوو.”
بە زەردەخەنەوە دایکی جیهێشت
ئەو بەیانییە سەردەشت بە قادرمەکاندا هاتە خوارەوەو رویکردە دایکی و بێ ئەوەی هیچ وشەیەک بدرکێنێت، بە زەردەخنەی سەر روخسارییەوە، تەماشای سێوێ حەمەدمینی دایکی دکرد.
سێوێ وتی” یەک کەلیمە لە زاری نەهاتە دەرێ تەنها بە زەردەخنەیەکە تەماشای دەکردم”.
ئەو لەم دیمەنەی سەردەشت سەرسام بوو، پرسیاریکرد” کورم لۆ پێدەکەنی” بێ ئەوەی هۆکارێکی قایلکەر بۆ زەردەخەی ئەم بەیاننیەی سەر روخساری بدکێنێ ماڵەکەی جێهێشت.
زەردەخەنەی ئەو بەیانییە سەردەشت ببوە چیرۆکی دایک و خوشکەکەی. ئەوان باسیان لەو ساتە بەختەوەریە دەکرد کە سەردەشتی تیادەژیا. پرسیاریاندەکرد بۆ سەردەشت هۆکاری ئەو زەدەخەنە و شادییەی لێشاردنەوە؟
ئاسایش دەفتەرەکەیان برد
لە ژورەکەی شەهید سەردەشت، بەکر بەدەم خوێندنەوەی ناونیشانی کتێبەکانی جوانەمەرگ، لەسەر ناونیشانی کتیبەکەی دیستۆفسکی (تاوان و سز)ا، کەمێک وەستا، بەهێمنییەوە وتی، ” تاوان و سزا، بەڵام برام تاوانی تۆ چی بوو؟”
بەکر، کە لە ئەوروپا دەژی، وتی کە سەردەشت خوێنەرو عاشقی راستەقینەی کتێب بوو، هەر کتێبێک کە دەیخوێندەوە لە دەفتەرێکی تایبەتی خۆیدا سەرنج و هەندێ رستەی ناو کتێبەکەی لەو دەفتەرە دەنوسییەوە،”ئاسایش ئەو دەفتەرەیان برد، تا ئێستا نەیانگەڕاندۆتەوە.”
دواهەمین جار سەردەشت کە پەیوەندی بە بەکرەوە کردووبوو، داوای ناونیشانی هەندێ کتێبی کردوە کەر بە زمانی ئینگلیزی بوون، بەکر ئەو کتێبانەی بۆی ناردووە وتی، ” ئەوەی بیرم مابێت کتێبێکیان تویژینەوەیەک بوو لەسەر هەلبژاردنی ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا”.
دوا گۆرانی
هەموو بە یانییەک سەردەشت عوسمان لە ماڵی خۆی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی گەرەکی کرێکاران (حی العمال) ی شاری هەولێرەوە دەهاتە دەرەوە، رویدەکردە ناوجەرگەی شار بۆ زانکۆی سەلاحەدین کولیژی ئەدەبیات بەشی زمان. وەک ئەندامانی خێزانەکەی باسیدەکەن، یان سەردار یان بەشداری برای بە ئۆتۆمبێل دەیانگەیاندە زانکۆ، ئەو رۆژانەیش ئەوان نەیانتوانیایە باوکی بەم ئەرکە هەڵدەستا.
ئەم بەیانییە سەردار ئۆتۆمبێلەکەی هێنایە بەردەم ماڵەوەیان، سەردەشت لە پێشەوە دانیشت بە سەرداری ووت” کوی برام؟” .
سەردار باسلەوەکات کە سەردەشت هێمن و کەمدوو بووە، زۆر جار بەهۆی خوێنەدنەوە شەکەت و ماندوو دیاربوو. بەڵام ئەو بەیانییە روخۆش و بەکەیف بوو. سەردار نەیدەزانی چی بەخیاڵی براکەیدا گوزەر ئەکات. سەردەشت لەبەر خۆیەوە ئەو گۆرانییەی ئەوتەوە کە لەسەر موسەجلی سەیارەکە بوو.
ئەو بەیانییە سەردەشت بۆ قوتاربوون لە ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلەکانی پایتەخت لە رێگەی ریکۆردەری ئۆاتۆمبێلەکی سەرداری برای گوێی لە گۆرانی” دەمەگری مەگری” یەکێک لە گۆرانیبێژە میلییەکان گرت. سەردار هێنایە قسەکردن لەسەر گۆرانییەکە، ئەوەندەی پێنەچوو، سەردەشت رویکردە براکەی ووتی، ” ئەم گۆرانییە زۆر خۆشە.”
عاشقەکەی میسی
بەشدار عوسمان وتی کە سەردەشت وەرزشەوان بووە لە تیپی تازە پێگەیشتوانی یانەی هەولێر بەڵام بەهۆی خوێندنەوە لەو یانەیە دورکەوتەوە، ” کەیفی بە تیپی ئەرجەنتین و میسی دەهات”
دایکی سەردەشت وەک ئاماژەکردن بۆ یارییەکانی جامی جیهانی لەبەر خۆیەوە دەیووت” نەیانهێشت کورم تۆپانێ ببینێت”
دوا بەیانی کە سەردەشت ماڵەوە بەجێدەهێڵێت ، ئەندامانی خێزانەکە هێشتا لەژێر کاریگەری و ئەفسونی پێکەنین و شادی ئەو بەیانییەی سەردەشتەکەیاندا بوون ، هەواڵی رفاندنەکە خۆی کردە ماڵەکە.
سێوێ وتی” جەرگی منیان سوتاند، کورم رۆییشت بزربوو”
سەردەشت بێئاگا لەوەی لە دەرەوەی ماڵەکەیدا تیمێکی تایبەتی مەرگ لە بۆسەدان بۆ کوشتنی زەردخەنەکەی سەر روخساری، روخسارێک کە ئەندامانی ئەو خێزانە تا هەتایە لە زاکیرەیان وون نابێت.
دایکی وتی” قەت قەت بیرم ناچێتەوە کورم بە دەم بەخەندە چووە دەرێ” پرسیاریکرد، “نازانم چۆن زەفەریان بەو زەدەخەنە برد؟”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا