پۆڵەتیك پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی٥ـی٢٠٢١ ، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە هەولێر، لەگەڵ وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتوو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان كۆبوونەوە.
لە دیدارێکدا کەژماریەك لە ئەندامانی سەرکردایەتی و فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
هاوسەرۆکانی جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، هاوكات پێویستی بەردەوامبوون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دووپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستووەکانیان لە وڵاتدا.
هاوسەرۆکانی یەکێتی جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەهێزی پێگەی کورد لە بەغداو پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەک هەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە .
هاوسەرۆکانی یەکێتی دووپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.
وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابووری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردولادا.