داهاتوی هەرێمی كوردستان

 

كەمال محەمەد

لە مێژوی نزیكەی سی ساڵی دروست بونی هەرێمی باشورەوە كە خرایە ژێر چاودێری هێزە نێودەوڵەتییەكان فۆرمێكی نوێی بەرێوەبەری و حكومەتێكی كوردی ڕاگەیەندرا بەئومێدی ئەوەی لەم پارچەیە سیستەمێكی دیموكراسی وفرەیی و هاوڵاتیبون بهێنێتە كایەوەو هەنگاوی جددی و كردارەكی بنرێت بە ئاراستەی لەناوبردن و كەمكردنەوەی قەیرانە ئابوری وسیاسی وجوگرافی و كۆمەڵایەتیەكان ،بەڵام دواجار ئەوەی بینرا نەتوانینی تەجاوزی سەنتراڵیزمی دەوڵەت نەتەوە بو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی كوردیەوە ،یەكێكی دیكە لە كێشەكان نەبونی ئیرادەیەكی مەعریفی و ئایدۆلۆژی و سیاسی بو لەم هەرێمە بۆسەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانان كە دواجار ئەم فۆرمە لە حكومڕانی نەیتوانی بەشداربونی دیموكراسی لە دەسەڵات فەراهەم بكات و ئەم فۆرمە لەبەرێوەبردنی دامەزراوەكانیش سیستەمێكی سەنتراڵیزمی تۆتالیتاری بەرهەم هێنا ،

ئەگەر بگەرێنەوە بۆ كێماسییەكانی عێراق خۆی ئەبینین بە درێژایی ٩٠ ساڵی ڕابردو ئەم دەوڵەتە بەدەست چەندین گرێ كوێرەوە ئەناڵێنێت و هیچ كات نەیتوانیوە سود لەدەستورێك وەربگرێت بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێ ،دواین دەستوری عێراقیش كە ژێر فشاری ئەمریكا نوسرایەوەو كوردیش بەشدار بو لەنوسینەوەو دەنگپێدانی لە ١٥ ی ئۆكتۆبەری ٢٠٠٥ نەیتوانیوە عێراق بكاتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆی سەروەری ،بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا داهاتوی كورد و هەرێمەكەیەتی كە ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی كوردی كە خۆی ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی تەنگەژە سیاسی وئیداری و ئابوری و نەتەوەییەكانی و بتوانن بەرنامەیەكی نیشتمانی و بەرەیەكی سیاسی نیشتمانی بكەنە بناغەیەك بۆ پاراستنی ئامانجی نیشتمانی و لەدەرنجامە خراپ و ناهەموارەكانی بەردەمی بیپارێزن ،

كۆبونەوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و هێزو لایەنە سیاسیەكانی كورد ئەتوانرێت تەنها كۆبونەوە نەبێت و لەروانگەی پێزانینیانەوە بێت لەبەردەم عێراقی داهاتوو ئەگەرو پێشهاتەكانیدا ،ئەكرێت ئەم كۆبونەوانە هەست كردن بێت بە بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی چیدیكە گەندڵی سیاسی وئیداری ئابوری نەبێتە هۆكاری تێكشانی پێكهاتەو پەیكەری ئەم هەرێمە و زیاتر پەرتكردنی كۆمەڵگاو هۆكاری لەناوبردنی پلورالیزم و لێبوردەیی ،

ئەكرێت پرۆژەكە هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی ناسنامەیەكی نیشتمانی كە هەمو خەڵك و هەرێمەكەش لەژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە ،كەواتە ئەوەی لێرەدا پێوێستە هەستی پێ بكرێت چەمك و تێگەی فیدراڵیزم و داهاتوی هەرێمەكەیە لەلایەن سیاسییەكانییەوە كە لە سیاسەت و دەستورێكی نیشتمانیدا ڕەنگ بداتەوە ،دەستورێك كە دور بێت لە ململانێی و خواستی دەڤەر و حیزب و بنەماڵەیەك .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا