كرێی ئاوی ماڵان كەم دەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم بڕیاریدا كرێی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان و شوێنە گشتییەكان كەم بكاتەوە بە شێوەیەك بەرزترین نرخی مانگانە لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت.

لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ریگەیاندووە: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردەوە و هاوكات بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان كە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، بڕیاری لێخۆشبوونیش لە بەشێكی قەرزەكانی هاووڵاتیان دراوە، بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بۆ چەند مانگێك بڕێكی زۆر پارەی بۆ هاتبێتەوە، لە كاتی دانەوەی قەرزەكەیدا هەر مانگەی 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، هاووڵاتی هەرچەندی ئاو بەكار بهێنێت، بەڵام لە 45 هەزار دینار زیاتری لێ وەرناگیرێت، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بە گوێرەی پێوەرەكەی مانگی بایی سەد هەزار دیناریش ئاو سەرف بكات، تەنیا 45 هەزار دینار دەدات، سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیش، ئەگەر هاوبەشێك بڕی 400 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە بە حكومەت، ئەمەش رێژەیەكی زۆری لێخۆشبوونە.

لە روونكردنەوەكەدا جەختكراوەتەوە لە بەستنی پێوەری ئاو و سزادانی ئەو كەسانەی نەیانبەستووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا