پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، لەمیانی چارەکی یەکەمی ساڵی 2021 عێراق بڕی زیاتر لە 263 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و چین و هندستان زۆرترین نەوتی عێراقیان کڕیوە.
لەوبارەیەوە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوت لەئامارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 263 ملیۆن و 112 هەزار و 383 بەرمیل نەوت، بەجۆرێک مانگانە 87 ملیۆن و 704 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە کە دەکاتە دوو ملیۆن و 923 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەر ڕۆژێک.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت گەیشتووەتە 15 ملیار و 564 ملیۆن دۆلار، واتە هەر مانگێک داهاتی فرۆشتنی نەوت پێنج ملیار و 188 ملیۆن دۆلار بووە و هەر بەرمیلێک نەوتیش بە 59 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەوەش هاتووە، چین و هندستان زۆرترین نەوتی عێراقیان هاوردەکردووە و لەدوای ئەوانیش کۆمپانیاکانی ئەمریکا زۆرترین نەوتی عێراقیان کڕیوە.
عێراق نزیکەی %70ی نەوتی خاو هەناردەی وڵاتانی ئاسیا و بەتایبەتی چین و هندستان دەکات و ئەو بڕەش کە دەمێنێتەوە دەینێرێتە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا.