پەرلەمانتارێک: بێدەنگی عێراق و هەرێم لەئاست هێرشەکانی تورکیا جێی گومانە

پۆڵەتیک پرێس

فازڵ جابر، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، بێدەنگی حکومەتەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەئاست پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێم کارێکی هەڵەیە و دەمانخاتە پرسیار و گومانەوە.

فازڵ جابر بەمیدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، هێزەکانی تورکیا هێشتا بەردەوامن لەشکاندنی سنورەکانی عێراق و هەرێم و بەبەردەوامی بۆردومانی ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێم دەکەن و بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.

وتیشی: زۆر سەیرە تا ئێستا حکومەتەکەی کازمی و حکومەتی هەرێم بێدەنگن لەئاست ئەم هێرشانەی تورکیا و بەشێوەیەکی جددی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دۆسییەیە نەکردووە بەجۆرێک بتوانن تورکیا ناچار بکەن ڕێز لەسەروەری ئەم خاکە بگرێت.

هاوکات داوای لە لیژنەکانی ئەمن و بەرگری پەرلەمان و لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان کرد لایەنە ئەمنییە باڵاکان و لەسەروو هەمووشیانەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بانگهێشت بکرێن و هۆکاری ئەم بێدەنگییە ئاشکرابکەن و تاوتوێی ڕێکارە ئەمنی و دیبلۆماسییەکان بکەن کە پێویستە لەئاست ئەم پێشێلکارییانەی تورکیا بگیرێنەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێوەیەکی چڕتر هێزەکانی تورکیا لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم لەهێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوامن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا