هەولێر دەبێتە چەقی ململانێی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن

پۆڵەتیك پرێس

رۆژی 1ی ئایاری 2021، وەكو دوا وادەی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاری كرابوو، حزب و قەوارە و كاندیدەكان هەستان بە تۆماركردنی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردن.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە 10_10_2021 ئەنجام بدرێت هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان بە هاوپەیمانێتیەك بەناوی هاوپەیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی بەشداری لە هەڵبژاردنەكە دەكات و پارتی و كۆمەڵ و نەوەی نوێ‌ وەكو حزب بەشداری دەكەن و یەكگرتووی ئیسلامی بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەكات.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، هەركاندیدێك پێش ئەو وادەیەی كۆمسیۆن دیاری كردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشەی پێشوەختە بكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: كۆمسیۆن لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئیش و كاری كاندیدەكان پێش ئەو وادەیەی كە كۆمسیۆن دایناوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن هەر كاندیدێك بانگەشەی پێشوەختەبكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

هەر كاندیدێك بانگەشەی پێشوەختەبكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر

ئامانج عەزیز وتی: تا ئێستا كارەكانی كۆمسیۆن بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە بە باشی رۆشتووە، رۆژی 1 ی ئایار بە بڕیارێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران تۆماری بایۆمەتری وەستێنرا تا هەڵبژاردن كۆتایی دێت دواتر دەست پێدەكاتەوە، ئەمەش لە پێناو كارئاسانی بۆ فەرمانبەرەكانی كۆمسیۆن بۆئەوەی بتوانن بەو ئەركانەی پێیان دەسپێردرێت رابگەن.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی: لە دوای كۆتایی هاتنی وادەی تۆماركردنی ناوی كاندید و قەوارە و لیستەكان سەرقالًی وردبینی كردنین بۆ داتا و زانیارییەكان كە خستوویانەتە روو، كۆنتاكی بەردەواممان هەیە لەگەڵ ئۆفیسی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی ئەم قۆناغەش بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین.

حزب و قەوارە و هاوپەیمانێتییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان كێبڕكێ‌ لەسەر 44 كورسی دەكەن لەگەڵ دوو كورسی بۆ كۆتای مەسیحییەكان كە دابەشكراون بەسەر هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێم هەولێر 16 كورسی و سلێمانی 18 كورسی و دهۆك 12 كورسی.

لە هەولێر 53 كەس و لە دهۆك 28 كەس و لە سلێمانی 65 كەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی 10/10/2021 كاندید كردووە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند: چەقی ململانێی حزبەكان لەسەر ئاستی هەرێم دەكەوێتە پارێزگای هەولێر.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو هاوپەیمانێتییەی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان بەستراوە تا رادەیەك ململانێی حزبەكان لە سلێمانی سارد دەكاتەوە، لە دهۆكیش بە پێكهاتەكان و هەموو هێزەكانی دیكە 28 كاندیدیان هەیە، ئەم ژمارەیەش كەمە، تا رادەیەك دهۆك بۆ پارتی یەكلایی بووەتەوە، رەنگە یەكگرتووی ئیسلامی یەك كورسی بە دەست بهێنێت، بۆیە ئەمجارە هەولێر دەبێتە چەقی ململانێ‌ بەو پێیەی جۆرێك لە هاوسەنگی هێز هەیە لە ناو هەولێردا.

هەموو حزبەكان ترسیان لە كاراكتەری كاندیدی سەربەخۆ هەیە

ئارام جەمال وتیشی: پێشبینی كردن بۆ سەركەوتنی حزبێك لەم هەڵبژاردنەدا ئاسان نیە چونكە كاندیدی سەربەخۆش بەشداری دەكات، هەموو حزبەكان ترسیان لەو كاراكتەرە نوێیە هەیە هاتووەتە ناو كێبڕكێكەوە كە بریتیە لە كاراكتەری كاندیدی سەربەخۆ و هەوڵدەدات كورسی پەرلەمانی بە دەست بهێنێت.

پشتیوان ئەحمەد شارەزای هەڵبژاردن باس لەوە دەكات، پارێزگای دهۆك لەلایەن حزبەكانەوە پشتگوێ خراوە، بۆیە ململانێكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەبێت.

ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن روونیكردەوە، یاسای نوێی هەڵبژاردن گۆڕدراوە، كە پێكهاتووە لە نۆ بەش و 50 ماددە، هەر كاندیدێك لە بازنەی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگ بهێنێت ئەوە سەردەكەوێت، ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە حزبە بچوكەكانن چونكە دەنگ ناهێنن.

زەرەرمەندی یەكەم لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق حزبە بچوكەكانن

باسی لەوەشكرد، پێشبیی كردن بۆ ئەوەی كام حزب زۆرترین كورسی بباتەوە قورسە پێشبینی بردنەوەی ئەم هەڵبژاردنە بكرێت لەبەرئەوەی نوێنەری تاكەكەسی بەشدارە لە هەڵبژاردن، بۆی هەیە هەندێك كاندیدی سەربەخۆ كورسی بهێنێت.

ژمارەی كاندیدەكان لە خولە جیاجیاكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خولی یەكەم ( 15/12/2005، 6655 ) كاندید، خولی دووەم ( 7/3/2010، 6281 ) كاندید، خولی سێیەم ( 30/4/2014، 9045) كاندید، خولی چوارەم (12/5/2018، 7178 ) كاندید، خولی پێنجەم ( 10/10/2021، 3523) كاندید.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک