پۆڵەتیك پرێس
دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە یەكەم گەشتی هێنانەوەی هاووڵاتییە گیرخواردووەكانی وڵاتەكەی لە هیندستانەوە ئەنجام دەدات.
دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 3 ی ئایار گەشتی یەكەمی هاووڵاتییە گیرخواردووەكان لەلایەن هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە چەند گەشتێكی دیكە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییە عێراقییە گیرخواردووەكان لە هیندستانەوە بۆ عێراق رێكدەخرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی خراپی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهندستان و زیادبوونی ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسەكە، هاوكات دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای هندی لەو وڵاتە، رۆژی 27 ی نیسانی رابردوو عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەل هندستان ڕاگرت.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردبوو بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بەمەبەستی هێنانەوەی عێراقییە گیرخواردووەكان لە هیندستانەوە بۆ عێراق.