پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كردوویانە، هاوپەیمانی كوردستان چانسی ئەوەی هەیە زۆرترین دەنگ و كورسی هەڵبژاردنەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە دەست بهێنێت.
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی بۆیەكەمجارە یەكێتی بەشداری دەكات لە پرۆسەی هەڵبژاردن كە بریتیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 10_10_2021 ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازە بەو پێیەی گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردن كراوە و عێراق لە 18 بازنەوە بووەتە 83 بازنەی هەڵبژاردن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: بەپێی بەرنامە و پلانێكی تۆكمە، ئامادەسازیمانكردووە بەتایبەتی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی ئێستا لە ئاستێكی باڵادایە و ئامادەكارییەكان زۆرباشن.
باسی لەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی وەكو حزب بەشداری لە هەڵبژاردن نەكردووە بەڵكو هاوپەیمانین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بەناوی هاوپەیمانی كوردستان ئەمەش خۆی لە خۆیدا فرسەتی زیاتر دەدات لە كۆكردنەوەی دەنگەكانی هەردوولا.
روونیشیكردەوە، یەكێتی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چەندین لایەنی دیكە لێكتێگەشتنی كردووە بە مەبەستی سەركەوتنی زیاتر بۆیە پێدەچێت هاوپەیمانی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین كورسی بەدەست دەهێنێت بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی پێشتر بۆ هەڵبژاردنەكە كردوویانە، هاوپەیمانی كوردستان چانسی ئەوەی هەیە ببێتە هێزی یەكەمی كوردستان لە بەدەستهێنانی دەنگ و كورسیدا.
رۆژی 1ی ئایاری 2021 دوا وادەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بوو بۆ تۆماركردنی ناوی حزب و قەوارە سیاسییەكان و كاندیدی حزب و قەوارەكان، لەو چوارچێوەیەدا یەكێتیی نیشتمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتییەك بەناوی هاوپەیمانی كوردستان بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راگەیاند و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكە دەكات.