“ئامانجی سەردانەكەی خلوسی ئاكار بۆ كۆتایی هێنانە بە قەندیل”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هاتنی وەزیری بەرگری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە داگیركارییەكانی توركیاوە هەیە، چونكە تەماحی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان كۆتایی نایەت، توركیا لەوەی ئێستا زیاتری دەوێت كە بریتیە لە كۆتایی هێنان بە قەندیل.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: هاتنی وەزیری بەرگری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە داگیركارییەكانی توركیاوە هەیە، وە ئامانجی ستراتیجی دوورمەودای توركیا كۆتایی هێنانە بە قەندیل.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتی: بەداخەوە توانای هەرێم و دەسەڵاتی باشوریش سنوردارە، ناتوانن داوا و خواستەكانی توركیا رەتبكەنەوە لەبەر دۆخی دابەشبوونی قەڵەمڕەوی زۆنەكان كە بەشێكە لە شوێنەوارەكانی شەڕی ناوخۆ لە رابردوودا.

باسی لەوەشكرد، چاوەڕوانی لە دەسەڵاتی باشورناكرێت كە بەرپەرچی داگیركارییەكانی سوپای توركیا بداتەوە، لە هەمانكاتدا توركیا و ئێران خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن لە هەرێمی كوردستان، هەولێر و سلێمانی بەلای ئەوانەوە وەكو هەمەدان و ئەنقەرەیە، بۆیە كەدێنە هەرێمی كوردستان بە پێویستی نازانن پرس بە حكومەتی هەرێم یان حكومەتی عێراق بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بە یاوەری یەشار گولەر، سەرۆكی ئەركانی سوپا و ئومیت دوندار، فەرماندەی هێزە وشكانییەكان بنكەیەكی سەربازی سوپای وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە، ئەم سەردانەی ئاكار لە كاتێكدایە لەچەند ناوچەیەكی هەرێم سوپای توركیا لەگەڵ پەكەكە لە شەڕدان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک