پۆڵەتیک پرێس
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەوا ئیسرائیل داوای قەرەبوو لەئەمریکا دەکات.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکانی ئیسرائیل مەزەندەی دەکەن ئیدارەی جۆ بایدن بەزووترین کات گەڕانەوەی بۆناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕابگەیەنێت، هەر بۆیە ئیسرائیل دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی لیستێک داواکاری ئەمنی و قەرەبوو لەئەمریکا لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەدیالۆگی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا باس لەچارەسەرکردنی ئەو مەترسییانە کراوە کە بەهۆی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەردوو وڵات دەبێتەوە بەتایبەتی ئیسرائیل.
لەئێستادا شاندێکی ئیسرائیل کە پێکهاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەزگای مۆساد و سەرۆکی شوعبەی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.