عێراق ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی لەهندستان دەکات

پۆڵەتیک پرێس

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی گەڕانەوەی هاوڵاتیان لەهندستانەوە بۆ عێراق تەواوکراون و بەشی کەربەلا لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تەرخانکراوە بۆ پێشوازیکردن لەگەشتەکانی گەڕانەوەی هاوڵاتیان لەهندستانەوە بۆ عێراق.

لەبەیاننامەیەکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر داوای مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لەهندستان گیریان خواردووە تا ئاسانکاری تەواوەتیان بۆ بکرێت و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

بەپێی بەیاننامەکە، لەئێستادا چاودێری تەواوەتی هەیە تا سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی تەواوبکرێن و دوای ئەوەش یەکەم گەشتی هندستان بۆ عێراق ڕادەگەینین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی خراپی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهندستان و زیادبوونی ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، هاوکات دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای هندی لەو وڵاتە، لەماوەی ڕابردوودا عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەل هندستان ڕاگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا