پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت دوادەكەوێت

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت پێدانی كارەبای نیشتمانی بە كەرتی تایبەت دواخراوە بە مانگی تەموز لە پێناو وردبینی زیاتر لەو پرۆپۆزەڵانەی لەوبارەوە پێشكەشی وەزارەتەكەیان كراوە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت دواخراوە بۆ مانگی تەموزی داهاتوو، لەپێناو ئەوەی وردبینی زیاتر بكەین لەو پرۆپۆزەڵانەی پێشكەشكراون، بۆئەوەی هیچ هەڵەیەكی تێدانەكەین.

دەربارەی پێدانی بڕی كارەبای نیشتمانی لە مانگی ئایاردا وتەبێژی وەزارەتی كارەبا وتی: لە مانگی رابردوو لەسەروو 22 كاتژمێر كارەبامان داوە بە هاووڵاتیان، بۆ مانگی ئایار بڕیارە سبەی یەكشەممە، كۆببینەوە لەسەر بنەمای توانای بەرهەم و خوێندنەوەمان بۆ خواست بەرنامەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا دادەنێین.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا روونیشیكردەوە، كەمبوونەوەی رێژەی ئاوی بەنداوەكان كاریگەری دەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆئەو مەبەستە هاوكار و هەماهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ دەبین بەتایبەتی بەنداوەكان.

روونیشیكردوە، بەهۆی كەم بارانیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەكان دابەزیوە وەزارەتی كارەبا، گوێڕایەڵ و پاڵپشتی پلانەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەبێت و هیچ زیادەڕۆییەك ناكەینە سەر بەكارهێنانی بەنداوەكان بۆ كارەبا بەڵكو ئەوەندە ئاو بەكاردەهێنین ئەوان پێویستییان بێت و بیانەوێت.

ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە كۆتایی ساڵی 2020 دا، كارەبای نیشتمانی بداتە كەرتی تایبەت بەڵام تا ئێستا رێكارە كارگێڕی و یاساییەكانی ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا