پۆڵەتیك پرێس
حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشەی وشكەساڵی بووەتەوە و سەرچاوەكانی ئاو بۆ نیوە كەمی كردووە.
تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویكردەوە حەسەن روحانی، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكەوە بەشداری كردووە لە رێوڕەسمی كردنەوەی ژمارەیەك پرۆژە لە پارێزگاكانی هورموزگان، خوزستان و مەزەندەران.
سەرۆككۆماری ئێران، لە وتارێكدا كە لە رێوڕەسمەكەدا پێشكەشی كردووە، باسی لە كێشەی وشكەساڵی كردو وتی: ئەمساڵ رووبەڕووی وشكەساڵی بووینەتەوە و سەرچاوە ئاویەكانمان 50% كەمیكردووە.
لەبارەی بەنداوەكانی ئێرانەوە حەسەن روحانی ئەوەی خستەڕوو، رەوشی بەنداوەكانیان وەك ساڵانی رابردوو نییە و زۆرێك لە بەنداوەكان بەتاڵن.
سەرۆككۆماری ئێران هۆشداریدا لە دروستبوونی گرفتی كارەبا لە وڵات بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكانی وڵاتەكەی.