جارێکیتر سەنتڕاڵی

بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی کاتێک کەسێک ئامادەیە ببێتە بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری گشتی یان بەرپرس و لەپشت مێزەکەی خۆی دانیشێت، تا ئەوکاتەی دەوامەکەی تەواودەبێت، بەبێ ئەوە سەلاحیاتێکی ئەوتۆی هەبێت، کە بتوانێ ئەرکەکانی خۆی وەک ئەوەی هەیە جێبەجێبکات، ئەو هەموو رەخنەو قسەیەش قەبول دەکات، بەوەی بەرپرسی هەموو شتێکەو کاری هاوڵاتیان وەک داوای دەکەن رایی ناکات، دەبێتە قەڵغانی سەرەوەی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتیان، ئەوانیش لەوەزارەتەکان و ئاستە ئیدارییەکانی تر، کە خاوەن بڕیار و سەڵاحیاتەکانن لەدوورەوە تەماشای رەوشەکە دەکەن.
گەورەترین تەحەدا، کە رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، سەنتڕاڵی بڕیارو سەلاحیاتەکانە، وەزارەتەکان لەهەموو پارێزگاو یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان، پارێزگارو بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەریان هەیە، هاوڵاتی پێی وایە، گرێبەست و پرۆژەو ئەولەویاتەکان لەدەستی ئەواندایە، بەڵام واقیع تەواو پێچەوانەیە، وەزارەتەکان رێگەو شێوازی خۆیان هەیە لەئیدارەدان و سەرپەرشتی و ئەولەویات و پلانداناندا، کە جیاوازە لەوەی لەپارێزگاو یەکە ئیدارییەکاندا، هەیە، وەزارەتیش مافی خۆیەتی بە راسپاردەو بیروبۆچوونی ئەوان کارنەکات. گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا بڕیار سەنتڕاڵییەوەو بەدەستی وەزیرە.
بڕوای ئەوان بەهەنگاونان بەرەو ناسەنتڕالی لاوازە، هەرچەندە بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە، بەوەی سەڵاحیاتی ئیداریی و دارایی، بەو بەڕێوەبەرە گشتی و بەڕێوەبەرەکانیان بدەن کە راستەوخۆ لەهاوڵاتیانەوە نزیکن و کیشەکانیان رووبەڕوو دەبێتەوە، کە زۆرێکیان چارەسەری خێراو گونجاوی لەکاتی خۆیدا دەوێت.
چەندین پرسیاری سەرسورهێنەر هەن، دەبیستین، بەهۆی پەککەوتن و خراپ جێبەجێکردنی پرۆژەکان، نەبوونی ئەولەویەتی پرۆژەکان بە ملیۆنەها دۆلار بەهەدەر دەچن، ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئیدارە گشتییەکان و فەرمانبەران و بەڕێوەبەرەکانی ناوچەکان، سەریان دەسوڕمێت، بۆچی پرسەکان بەوجۆرە بەڕێوەدەچن؟، بۆچی کەموکورتی لەپلان و چاودێری و سەرپەرشتی و بەدواداچووندا هەیە؟، بۆچی وەڵامی داخوازییە هەڵكشاوەکان دیارنین؟ لەگەڵ ئەوەی ئیدارەو فەرمانگەکانی پارێزگاو یەکە ئیدارییەکیان جمەیان دێت لەفەرمانبەردا، بەڵام کاتێک دەتەوێ مامەڵەکەت تەواو بکەیت، کاتێکی ئێجگار زۆرت دەبات لەناو ژووری فەرمانگەکاندا، چونکە فرمان و بڕیار بەدەستی ئەو بەڕێوەبەرانە نیە، بەڵکو بەدەستی ئیدارە سەنتڕالییەکەیە لە ناو وەزارەتەکاندایە، بێگومان دەرئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە دەگوترێ ئەوەی شتێکی نەبێت ناتوانێت پێتی ببەخشیت، ئەمەش پرسیکی مەتریسدارە، ئەوانەی ناسەنتڕاڵی هەڵدەسەنگێنن، بەهانەی زۆر بۆ بیروبۆچوونەکانیان دەهێننەوەو لەو بڕوایەدان ئەوان هاوڵاتی دڵسۆزن و ئەوانی تر، گومان لە ئەمانەت و توانا ئیداری و سەرکردایەتیەکەیان دەکرێت، لەدوواییدا لەلایەک قەیرانی متمانەیەو لەلایەکی تریشەوە، سەنتڕاڵی بۆ هێندێک هالەیەک دروست دەکات و زامنی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دەکات، لەپێش هەموو شتێکەوە، دەسەڵات و زاڵبوون، لەبیرمان نەچێت، ئەوانەی بەرگری و پابەندی سەنتڕاڵین، ئارەزوویەکی زۆریان هەیە و حەزی دەستبەسەراگرتن و هەموو شتێک بەناوی ئەوە ئەنجام بدرێت، بەوەی ئەو لەهەموو کامڵتر و شارەزاتر و باشتر و زاناترە… لەبەر ئەوە سەنتڕاڵی لەرووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو کەسانە دەکوژێت و نابێتە هۆی خوڵقاندنی سەرکردەی نوێی ئیداری.
لەرووی دەرونی و کۆمەڵایەتییەوە، بەو رەفتارە ئیدارییە، هەستی نابەرپرسیارێتی لای ئەو دامەزراوانەو فەرمانبەرەکانیشیان بەهێزدەبێت، بەرپرسیارێتییەکان دەخەنە ئەستۆی بەرامبەرو هەستنەکردن بە رێزگرتنی رۆڵی ئەوانەی پێی هەڵدەستن، هەروەها هەستی ناچالاکبوونی شەراکەت لە بونیاتنانی وڵات پتەو دەکات، دەبنە کۆمەڵێک دروشم کە زۆر لەواقیعەوە دوور دەبێت، چەمکێکی پێچەوانەی کارکردن بە گیانی یەک تیم دەخوڵقێنێت.

لەسەر ئاستی واقیع و هەموو تیۆرە ئیدارییەکان، بەهیچ جۆرێک لەدوورەوە مومارەسەی ئیدارە ناکرێت، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی خزمەتگوزاری و پرۆژەکانەوە هەیە، نزیکترین کەس بۆ ئیدارەدانیان ئەوانەن کە لەنزیکی پرسەکاندا دەژین. سەنتڕاڵی لەکۆتادا، بەهەدەردانێکی بێ وێنەی دەرامەتە مرۆیی و مادی و عەقڵەکانە، بەفیڕۆدانی کات و دواخستن و ئاڵۆزکردنی گرتنەبەری رێوشوێنەکانە. ئەوانەی دژی ناسەنتڕاڵین و بە تەسەیوب و لەدەستدەرچوونی وێنا دەکەن، دەبێ دەرک بەوە بکا کە تەنیا ئەو هاوڵاتی ئەم وڵاتە نین، هەروەها تەنیا هەر ئەویش بەرپرسی هاولاتیان نیەو، مافی ئەویشی نیە هیچ مافێک، وەسیەتێک بەسەر ئەوانی ترو بەرژەوەندی و خۆشی و ژیانیاندا بسەپێنن، دەکرێ بەشێوازی هەمەجۆر چاودێری و سەرپەرشتی و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن و هەموو ئەو پرۆژانەی ئەنجام دەدرێن بکرێت. ئیڕۆ ئێمە لەبەردەم بەهێزکردنی سەنتراڵیداین، رەنگە لەبەردەم بەرپرسیارێتیی و دەرامەت و زیادەڕۆیی و هەڵەکاندا بکەوینە کێشەوە، لەسایەی سەنتڕاڵیدا، زۆریش ئاسانە خۆمان لە لێپرسینەوەو بەرپرسیارێتیی بدزینەوە.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا