پۆڵەتیك پرێس
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت هەوڵەكانیان بەردەوامە لە پێناو زیادكردنی موچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و لەسەر ئەو پرسە و چەند بابەتێكی دیكە داوای بانگهێشی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆیانكردووە بۆ پەرلەمان.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێش دەرچوونی یاسای چاكسازی، وەك فراكسیۆنی یەكێتی پرۆژەیاسایەكمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانكرد، بە مەبەستی زیادكردنی موچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ، ئەو كاتە حكومەت بە بیانووی چاككردنی موچەی هێزەكانی ناوخۆ لە یاسای چاكسازیدا پرۆژە یاساكەی ئێمەیان گەڕاندەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی هەستمانكرد كارێكی وا نەكراوە خزمەت بە خانەنشینانی هێزەكانی ناوخۆبكات، بۆیە وەكو لیژنەكەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كەوتینە گفتوگۆ بۆئەوەی وەزارەتی ناوبراو خۆیان پرۆژە یاسایەك رەوانەی پەرلەمان بكەن بۆئەوەی موچەی خانەنشینانی ناوخۆ زیادبكرێت، وە گۆڕانكاری لە ساڵی تەمەن بكرێت بۆ هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ چونكە ساڵی تەمەن بۆ ئەو هێزانە زۆرگرنگە چونكە ئەوانە هێزێكن بەردەوام لە جوڵە و ئەركی گرنگدان.
باسی لەوەشكرد، ماوەی دوو مانگ دەبێت وەزارەتی ناوخۆپێیان راگەیاندووین پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو پرۆژە یاسایەیان نەناردووە بۆ پەرلەمان.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشیكرد، لەسەر بابەتی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و چەند پرێسكی دیكە لەوانە دیارەی زۆربوونی تاوانەكان و كارنەكردن بە یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان، داوای بانگهێشكردنی تیمی وەزارەتی ناوخۆیانكردووە بۆ لیژنەكەیان لە پەرلەمان.