حكومەت بەڵێنێكی لەبارەی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان جێبەجێناكات

پۆڵەتیك پرێس

سكرتێری گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان رایگەیاند، حكومەت لەبەڵێنی پێدانی دوو موچە بەكەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پەشیمان بۆتەوە و ئەم مانگە یەك موچەیان وەرگرتووە.

سامان حسێن، سكرتێری گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی،” دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا وەك كەمئەندامان چوینە بەردەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستمان بەدەربڕینی ناڕەزایەتی كردو مانمان گرت  و داوای موچەیەكی زیادەمان كرد حكومەت بەڵێنی پێداین ئەو موچەمان بۆ دابین بكات بەڵام دوای راگەیاندنی لیستی موچەی كەمئەندامان حكومەت لەبەڵێنەكەی پەشیمان بۆتەوە بۆ پێدانی موچەیەكی زیادە بە كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

وتیشی،” كەمئەندامان تەنها یەك موچەیان وەرگرتووە و حكومەتی هەرێم راستگۆ نەبوو لەگەڵ كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەبەڵێنی پێدانی دوو موچەو لەبەڵێنەكەی پەشیكان بووەتەوە.

راشیگەیاند، ئێستاش كات  ماوەو حكومەت دەتوانێت ئەو بەڵێنەی بە كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی داوە بیباتە سەرو داوارییەكانمان جێبەجێ بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، توێژی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لای بەرپرسانی هەرێم گرنگ نین و گوێش بۆداواكاریی كەمئەندامان ناگرن تا داواكارییەكانیان جێبەجێی بكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک