محمد حسێن ــ پۆڵەتیک پرێس ــ کەرکوک
سەرباری بەرز بونەوەی ڕێژەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆربونی حاڵەتی گیان لەدەستدان لەپارێزگای كەرگوك هاوڵاتیانی کەرکوک بەرێژەیەكی كەم ڤاکسین دژی کۆرۆنا بە کاردێنن.
سەباح نامیق بەڕێوبەری تەندروستی کەرکوک بە پۆڵەتیک پرێسی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردودا ڕێژەیەکی بەرچاو لە توشبونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تۆمار کراوە و حاڵەتی گیان لە دەستدانیش ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوندایە و هاوڵاتیانیش وەک پێویست ڕێکارە تەندروستیەکان پەیڕەو ناكات.
وتیشی: حاڵەتەکانی توشبونی هاوڵاتیان بەكۆرۆنا بەراورد لەگەڵ چوار مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بە ڕێژەی لە ٤٠٪ زیادیكردووە و لە هەفتەیەکیشدا نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ کەس بەكۆرۆنا گیان لە دەست دەدەن.
راشیگەیاند، ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت مەترسی ئەوە هەیە کە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆڕۆنا جێگای نەخۆش نەمێنێت و دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچێت.
بەڕێوبەری تەندروستی کەرکوک ، هۆکاری كەم بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پڕو پاکندەیەکی زۆر هەیە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان سەبارەت بە ڤاکسینەکە بۆیە بەکارهێنەرانی ڤاکسینەكە لە کەرکوک لە ئاستێکی خراپ دایە و هاوڵاتیان بە رێژەیەكی کەم ئامادەن ڤاكسینەكە بەكار بهێنن هەرچەندە حاڵەتەکانی مردن بە کۆرۆنا ڕووی لە زیادبون كردووە.