وەزیری کارەبای عێراق دەچێتە ئێران

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ماجد حەنتوش وەزیری کارەبای عێراق سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی هەماهەنگی لەبواری کارەبا کۆدەبێتەوە.

لەوبارەیەوە ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزاری بەسەرۆکایەتی ماجد حەنتوش دەچێتە ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی بابەتی سەقامگیربوونی پێداویستی گازی عێراق لەوەرزی هاویندا کە لەلایەن ئێرانەوە دابیندەکرێت کۆدەبێتەوە.

ئەحمەد عەبادی وتیشی: لەئێستادا ئێران ڕۆژانە بڕی 20 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ عێراق ئامادەدەکات و ئەم بڕەش تەواوی پێداویستییەکانی عێراق پڕناکاتەوە تا بتوانێت وێستگە کارەباییەکان کە پشت بەو گازە دەبەستن کارپێبکات.

بەقسەی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، لەوەرزی هاویندا ڕۆژانە عێراق پێویستی بە 70 ملیۆن پێ سێجا گازە تا بتوانێت پێداویستییەکانی کارەبای پێپڕبکاتەوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زۆربەی ناوچەکانی بەغدای پایتەختی عێراق بێکارەباییەکی بەرچاویان بەخۆیانەوەبینی، کە بووەهۆی ناڕەزایی هاوڵاتیان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک