پۆڵەتیك پرێس
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لەلایەن هەریەك لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆو سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی دیكە پێشوازی لێكرا.
سەردانەكەی زەریف، دوای ئەوەدێت رۆژی 26 ی نیسان گەشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوە، بڕیارە لەسەردانەكەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆببێتەوە.
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان پەیامی بەردەوام بوونی پەیوەندییەكان و پەیامی گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان دەگەیەنێت.
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتی: سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بەڵگەی ئەوەیە كە هەرێم و بەغدا و ئێران لە پەیوەندییەكی باشدان.
محەمەد جەواد زەریف بەر لەوەی بگاتە عێراق، رۆژی 25_4_2021 سەردانی وڵاتی قەتەری كرد.