پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاری باڵا لەعێراقدا %2ی کۆی گشتی ئاستەکانی هەژاری تێناپەڕێنێت و زۆرترین ڕێژەی هەژاریش لەپارێزگای موسەنا هەیە و کەمترین ڕێژەش بەر هەرێم و بەغدا دەکەوێت.
لەوبارەیەوە عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، هەژاری باڵا و مەترسیدار لەعێراق لەئاستێکی نزمدایە و %1.5 بۆ %2ی کۆی ڕێژەی هەژاری کە %30ی دانیشتووانە، پێکدەهێنێت.
وتیشی: وەزارەت کار بۆ نوێکردنەوەی داتاکانی دەکات بەمەبەستی زانینی ئاستی هەژاری لەساڵی 2021.
بەپێی قسەی ئەو وتەبێژە، ئاستی هەژاری لەهەرێم و بەغدا لەنێوان %12.5 بۆ %13ی دانیشتووانە و ئەمەش لەچاو پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕێژەیەکی نزمترە.
لەماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا دەرکەوت، زیاتر لە %40ی منداڵانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.