تۆمارە دزەپێکراوەکەی زەریف کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی لێکەوتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لەناو کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر وتەکانی محەمەد جەواد زەریف ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە بەرزبووەتەوە کە لە بارەی قاسم سولەیمانی لە تۆمارێکی دزەپێکراودا ئاماژەی پێ کردبوو.

پێشتر ماڵپەڕی “ئێران ئینتەرناشناڵ” تۆمارێکی دەنگی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تیایدا کۆمەڵێک لێدوانی گرنگیداوە لەسەر دۆخی سیاسەتی سەربازی ئێران و ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لەقەیرانی وڵاتەکە و دۆسییەکانی ناوچەکە.

دەنگی ناڕەزایی فراوانتر بوو دوای ئەوەی دوێنێش زەریف لەکاتی سەردانکردنی عێراق ئەو کاردانەوانەی فەرامۆش کرد  و قاسم سولەیمانی بە “پاڵەوانی شەڕی دژی داعش ” ناوبرد .

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی چاوپێکەوتنە نهێنییەکەی زەریفەوە رایگەیاند، نازانین کێ بڵاوی کردووەتەوەو بۆچی وای کردووە، بەداخەوە ئەم ماوەیە شەپۆلێک ناڕەزایی لەبارەی سیاسەتی دەرەوە دەبینین کە هەندێک لایەن وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریدەهێنن “.

لەلایەکی دیکەشەوە مەنوچەهر موتەقی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لەبارەی وتەکانی زەریفەوە وتی: کوشتنێکی سیاسی ترسنۆکانەیە بەرامبەر کەسێک کە بۆردومانی ئەمریکا بووەتە هۆی کوشتنی.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، سولەیمانی نەک هەر لە مەیدانی جەنگ  بەڵکو لە مەیدانی دیبلۆماسیشدا ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە .

لای خۆشیەوە ، مەنسوڕ حەقیقەت پور، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی لە پەرلەمانی ئێران ، جەواد زەریفی بە بەزاندنی هێڵی سووور تۆمەتبار کرد .

هاوکات ئەحمەد ئەمیر ئابادی فەرهانی، ئەندامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران داوای کرد لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی ئەو زانیاریانە بکرێت و لێپێچینەوەش لە جەواد زەریف بکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا