“دادگاییکردنی عادل عەبدولمەهدی لە فەڕەنسا چاوەڕوانکراوە”

پۆڵەتیک پرێس

چالاکان و مافناسە عێراقییەکانی نیشتەجێی پاریس چاوەڕێی وەڵامی دادگای فەڕەنسی دەکەن لەبەرامبەر ئەو داوایەی پێشکەشی دادگاکەیان کردووە بۆ لێپێچینەوە لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەکارهێنرا لەمیانەی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەوە دەستیان پێکردبوو. کە نزیکەی ٨٠٠ خۆپیشاندەر تێیدا کوژران  و زیاتر لە ٢٧ هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون .

” عادل عەبدولمەهدی رێگەی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران خۆشکردووە کە چەکی ڕاستەوخۆ دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنن”

ئەم داوایە دژی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەرزکراوەتەوە و ئەو چالاکوان و مافناسانە دەڵێن ” عەبدولمەهدی رێگەی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران خۆشکردووە کە چەکی ڕاستەوخۆ دژی ئەو خۆپیشاندەرە ڕاپەڕیوانە بەکاربهێنن کە داوای چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمان و بەهەدەردەرانی سامانی وڵاتیان کردووە .

بەپێی ئەو چەند سەرچاوە یاسایی و سیاسیانەی بۆ ماڵپەڕی ” العربی الجدید ” قسەیان کردووە ، دادگای فەڕەنسا ئەو داوایەی دژی عادل عەبدولمەهدی لە ٦ ی ئەم مانگەدا وەرگرتووە، چاوەڕێ دەکرێ لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بە ڕەتکردنەوەی یاخود قبوڵکردنی وەڵام بداتەوە، داواکە تۆمەتبارکردنی عەبدولمەهدی بە تێوەگلانی لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە.

هۆکاری ئەوەی ئەم داوایە دژی عەبدولمەهدی لە فەڕەنسا کراوەتەوە ئەوەیە ، کە لە ساڵی ١٩٦٩ عادل عەبدولمەهدی لە فەڕەنسا نیشتەجێ بووەو هەر لەوێش بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسیەکاندا وەرگرتووە، لەماوەی مانەوەشی لە فەڕەنسا چەندین کاری رێکخراوەیی و توێژینەوەی لەگەڵ چەند پەیمانگەیەک ئەنجامداوە.

عەبدولمەهدی لە فەڕەنسا سەرۆکی پەیمانگای فەڕەنسی بۆ توێژینەوەی ئیسلامی و هەروەها سەرنووسەری چەند گۆڤارێک کە بە فەڕەنسی و عەرەبی بابەتیان بڵاوکردووەتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستاش چەند کەسێک لە خێزانەکەی لە فەڕەنسا دەژین ، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا ئەوە ڕوون نییە کە عەبدولمەهدی ڕەگەزنامەی فەڕەنسی هەبێت یاخود تەنها مافی مانەوەی فەرمی لەو وڵاتە وەرگرتووە.

“ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دادگای فەڕەنسی ئەو داوایە دژی عادل عەبدولمەهدی قبوڵ بکات”

ئەو چالاکوان و یاساناسانە دەڵێن ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دادگای فەڕەنسی ئەو داوایە قبوڵ بکات بەوپێیەی چەند جارێک کەیسی هاوشێوەی وەرگرتووە، نەبوونی رەگەزنامەی فەڕەنسیش ڕێ لە ڕێوشوێنەکانی دادگاییەکە ناگرێت .

ئەگەر دادگای فەڕەنسی ئەو داوایە وەربگرێت، دەبێتە یەکەم دادگایی کردنی بەرپرسێکی عێراقی دوای ڕووخانی رژێمی بەعس کە لە وڵاتێکی خۆرئاوا ئەنجام بدرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا